ئەی گوڵڕوخی زیبایی من، قەدسەروی دڵڕوبایی من
|
مەلحەمی جان شیفایی من جارێ نەزەڕ کە لایی من
|
ڕەحمێ بکە بە بولبولان بۆ دەفعی ئازاری دڵان
|
تۆی غونچەیی باغی گوڵان لای دڵی بێ نەوایی من
|
ئەگەر لە دەست و پەنجەکەت نەختێ نەکەی کەم ڕەنجەکەت
|
قەسەم بە لار و لەنجەکەت زێدە دەبی سەودایی من
|
بە فیکری زولف و پەرچەمت دڵ کەوتە گێژاوی غەمت
|
دوورە لە بەزمی دەم دەمت حەبیبی پڕ جەفایی من
|
گەر سۆفیی و شێخ و مەلا ڕووی تو لە وەقتی ئینجلا
|
ببینن دەبنە بەر بەڵا وەک دڵی بەر بەڵایی من
|
مایەیی ژینە چاوەکەت ئافەتی دینە ناوەکەت
|
مەستم بە بۆی گوڵاوەکەت لوتفێ بکە لەیلایی من
|
هەر تۆی کە مەحبووبی منی هەر تۆی کە مەتلووبی منی
|
هەر تۆی کە مەڕغووبی منی لە عالەمی دونیایی من
|
ئەگەر بزانی حاڵەتم کە لێم بڕاوە تاقەتم
|
کوشتەیی یێک ئیشاڕەتم دەبی بە ئاشنایی من
|
ئەی شۆخی نازەنینی من ئەی مەلحەمی برینی من
|
غونچەیی مەهجەبینی من تۆی باعیسی سەدایی من
|
ناڵەو و زاری تا بەکەی فرمێسکی جاری تا بەکەی
|
حاشا لە یاری تابەکەی پاپایی ئەورووپایی من
|
بولبولی دەوری غونچەمە تووتیی پڕ لە نەغمەمە
|
مەجڕووحی خەدد و کوڵمەمە ویسالی تۆ دەوایی من
|
دەوای منە ویسالی تۆ چرای منە جەماڵی تۆ
|
سەفای منە خەیاڵی تۆ لەلای تووە بە قایی من
|
بە چاو و خەدد و گەردەنت بە پەرچەمی ملەووەنت
|
هەوایی شەرقی ئەردەنت وێرانی کرد بەغدایی من
|
غەمگین و پڕ لە داغە دڵ چاونۆڕە بێ لەو باغە گوڵ
|
کە چونکە شەوچراغە شل گڵۆپی کەهرەبایی من
|
جەفا بەسە وەفا بکە عاجز بە وەسلت شا بکە
|
لە غەمخۆری ڕەها بکە ئەو دڵی موبتەلایی من
|