ئەی برا مەڕوانە ماڵ و خانەیی وێرانی من
|
تێبگە زانین و فەن و کردەوە و عیرفانی من
|
ڕۆڵەیی کوردم، سیلاحشوورم لەمەیدانی شەڕا
|
عالەم ئەیزانێ چلۆن بوو ڕۆستەمی مەیدانی من
|
گەر بڕۆی گەشت و گوزاری باغ و باغاتم بکەی
|
تێدەگەی ئەوجا چلۆنە جەننەتی عەدنانی من
|
سەیری کێو و دامەنی کێوانی کوێستانم بکەی
|
هەر دەڵێی اللە اکبر چەن خۆشە سەیرانی من
|
ئاوی بەرماوەی منە نیوەی جیهان تێر ئاو ئەکا
|
بۆ عیراق و ئەلجەزیرە ڕۆحە ئەم ئاوانی من
|
مەزرەعە و کێڵگەی وڵاتم بۆتە عەمباری جیهان
|
ڕزقی ئێران و عەرەب تەئمین ئەکا خەرمانی من
|
بۆ بڵندیی خۆی بەقوربانی ژیانی گەل دەکا
|
گیان و ماڵی هیچە لا، سەرکردە وو گەورانی من
|
ڕووبدا بۆ دین و میللەت زەڕەیێ کورتی و بەدی
|
گیان ئەدەن ناکەن تەحەممول عالیم و شێخانی من
|
ئەو کەسە بەدبینە ئیسپاتی جەهل بۆ خۆی ئەکا
|
وا ئەکا ئینکاری زۆر و دەبدەبە و دەورانی من
|
لاپەڕەی تەئریخی عالەم شاهیدە بۆ دەوری من
|
دیارە هێشتا تاقی کیسرای دەوڵەتی ساسانی من
|
ئیددیعای عیلمی مۆسیقا ئاهی من ئیسپات ئەکا
|
ڕاست و سێگا وو بەیات و لاوک و حەیرانی من
|
دیزە وو بێژنگ و تەشپی، پەستەک و شاڵ و کڵاش
|
شاهیدە بۆ کردە وو کاری دەسی کۆنانی من
|
دەبدەبەی جەمشید و داراو و فەرەیدوون و کەیی
|
قابیلە ئینکاری عەدلی شاهی نەوشیروانی من
|
خێڵی دەوری ئەنقەرە و عێلاتی سەرکەی بایەزید
|
چاخی دنیا گرتنم بوو ما لەوێ کوردانی من
|
میسر و یۆنان و یەمەن، هیندستان و تورک و ڕۆم
|
چۆن موسەخخەر بوو بەگورز و خەنجەر و چەوگانی من
|
ئەی برا ئەو قەومە ژوورەی شوهرەتی سوریانییە
|
هەر ئەوە گۆڕاوە لەفزی میللەتی سۆرانی من
|
حەزرەتی ئیبراهیم دەڵێن ئاسوورە، ئاغا سوورییە
|
بەم وتە کوردە، دیارە سیلسیلەی عەدنانی من
|
حەزرەتی نوعمانی سابیت بوو حەنیفەی سەرمەزەب
|
کوردە خاوەن عیلمی بەحری بێ پایانی من
|
پیاوی وەک سوڵتان سەلاحەدینی ئەیوبیم بووە
|
فەخرە بۆ ئیسلامی عالەم، کردەوەی سوڵتانی من
|
ئینقیلابێ چۆنی پێکهێنا لە ئیسلام و عەرەب
|
میر ئەبو موسلیم بوو سەرکردەی گەلی شێرانی من
|
نادری ئەفشاری وو عەبدولکەریم خانی زەنی
|
دوێنێ دەنگی دا لە عالەم سەتوەتی شاهانی من
|
گفتوگۆبا ئینتیهای بێ، خاتیمەش بێ بەم وتە
|
نیسبەتی ئاری بەسە بۆ عەنعەنە و عینوانی من
|
مەسلەکی من هەر چەنێ لەم تەرحە بەحسە دوورشە
|
ئەی ئەسیری پێم دەڵێی میللییەت و ویژدانی من
|