کە دولبەر بادە نۆشی کا، ئەبێ من خزمەتی مێو کەم
|
بە شەو ئاودێری باخات و بە ڕۆژ دەفعی چڵ و چێو کەم
|
ئەوەندە یاس و بێزارم لە چەرخ و ئەهلی ئەم چەرخە
|
ئەبێ تەقلیدی مەجنوون و خەیاڵی ژینی سەر کێو کەم
|
چ ڕۆژێکە خوا ئەمڕۆ کە هاواری برینداریم
|
نەوێرم بانگی بۆ هەڵدەم، بە بۆڵەبۆڵی ژێر لێو کەم؟
|
مۆقەددەر باڵی توند بەستم، دەری کردم لە ناو یاران
|
مەگەر ئەمجار بە ناچاری، ڕەفێقی جنیی و دێو کەم
|
کە باخی ئارەزووم ئەمڕۆ نەبێ زاهید لە مەحشەردا
|
ئیتر بۆچ ئارەزووی باخی هەنار و قەیسی و سێو کەم
|
خەیاڵم وا بوو گۆچانی نەسیحەت هەڵگرم بۆ ڕان
|
وەکوو مووسا لە دەشتی ئەقدەسا، شوانانە هەر عێو کەم
|
شوعەیبێکم نەدی شەرتی شوانیم بۆ بەجێ بێنێ
|
ئیتر بۆ خزمەتی ڕانی، بەبێ سوود و بەبێ خێو کەم؟
|
چ خۆشە قانعی ئەمڕۆ، لە دەشتی وەحدەتا وەک تۆ
|
بە هیوای جەژنی سەربەستی، لە خوێنی جەرگ پارشێو کەم
|