ئەی گرۆهی برسی، ئەمڕۆ ڕۆژی تێکۆشینتە
|
ڕۆژی تۆڵەسەندنی خوێن خواردنی دێرینتە
|
باڵی لێ هەڵماڵە وەک شێر، بێرە مەیدانی خەبات
|
ڕوو کەرە ئاغا، کە ئاغا دوژمنی خوێنینتە
|
لێدە نەعرەی دەنگ دلێری، ڕووبەڕووی زوڵم و ستەم
|
هەر بڵێ ئەی کاکی مالک بۆچ ئەمە ئایینتە!؟
|
تا بە کەی زۆرداری و چەوساننەوەی چینی هەژار!؟
|
خوێنمژینی کۆمەڵی بێ دەستەڵاتان دینتە
|
یەک قرۆشت دا بە ڕەجعی تورک و تاپۆت گرتە دەس
|
تا قیامەت ئەو قرۆشە مایەکاری ژینتە
|
باخێ هێندە قایم و مەحکەم نەبووی من نەتگەمێ
|
دەستی ئیستیعمارە هێز و کۆمەک و پەرژینتە
|
گوێ گرە، قانوونی سۆشیالیزمی دەنگی دایەوە
|
ڕۆژی مەرگت زۆر نزیکە، ئەو دەنگە یاسینتە
|
نۆکەر و پێشخزمەت و کارەکەر و دایانەکەت
|
کەوتە ڕۆژی خۆی، بزانە دوژمنی خوێنینتە
|
خۆت لە من باشتر ئەزانی: باوی زۆرداریت نەما
|
عوودەکەی ئەمڕۆ، سبەینێ شۆڕشی ناڵینتە
|
ورگت شۆڕ کرد وا ئەزانی هەر بە ورگ ئەبڕێتەوە
|
دەی بتۆپە! ڕۆژی ئەمڕۆ ڕۆژی هەڵلەرزینتە
|
داسی دەستی چینی جووتیارە ئەنێتە گەردنت
|
تێر بگریە، چونکە ئەمڕۆ ڕۆژی گریە و شینتە
|
بەند بە بەند قانوونی ئیسلاحی زراعی دێتە پێش
|
فەخرە بۆ من، بۆ جەنابت ئایەتی تەڵقینتە
|