بایەقوش لە هەر شوێنێ بخوێنێ
بایەقوش لە هەر شوێنێ بخوێنێ | یا خێوی ئەمرێ، یا ئەیڕووخێنێ |
ئەم شارە کە وەک بەهەشت ئەنوێنێ | کە ڕەشەبای بوو خۆشی نامێنێ |
خوا پاراستووینی لە ئاگری «هیتلەر» | یاخوا بە بێ غەم تیا بەرینەسەر |
کە لە شەڕ دوورین خودامان یارە | با هەر سەیران بێ لە «گردی یارە» |
جوولەکە بە قین «هامان» ئەکوژن | ئێستا بۆ خوێنی «هیتلەر» نامژن؟ |
ئەسڵی دوژمنی ئەوان هیتلەرە | خوێنڕێژی هیتلەر لەحەد بەدەرە |
بەڵام وا تیری خوای لێ کەوتە کار | هەر وا بزانن بۆی کەوتنە هاوار |
چ خوابەردارە، ئەم ترس و لەرزە | ئەم خوێنە گەشە لە ڕووی ئەم ئەرزە؟ |
بە زگێ برسی و بە زگێ تێرین | لێمان ناگەڕێن کە خۆش ڕابوێرین |
من هەرگیز بۆ خۆم ناپاڕێمەوە | وا من ڕۆییوم ناگەڕێمەوە |
بەڵام بە هیوای خاکی کوردستان | وەک هەڵدەگرێ بێ بە گوڵستان |
دەستەی لاوانی خوێندەوارەکان | ئەگەر تێکۆشن بە دڵ و بە گیان |
نزیکە خاکمان ببێ بە ئیکسیر | هەموو یەک کەون بە ڕا و بە تەگبیر |
کە دەست لە دەست بێ قووەت لە خوایە | هیچ شوبهەت نەبێ کە ئەمە وایە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 605
1940/08/01
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|