برادەر عەشقبازی و سەبووری گەر چی زەحمەت بێ
|
ئەبێ عاشق لەڕێگەی عەشقەوە دائیم بەهیممەت بێ
|
نەکا خۆی موفلیسی بەر چاوی یاران و ڕەقیبانی
|
وەها پیشان بدا دائیم بەوێنەی زەڕ بەقیمەت بێ
|
مەدە گوێ تەعنەیی ئەغیار لە تیری تانەیی بەدکار
|
لە بیرم دێ کە ئوستادم وەهای فەرموو بە ڕەحمەت بێ
|
ئەگەر یاری دڵارامێ لە ڕێگەی عیشوە و نازا
|
لە ڕووخۆشی و جەوانیدا بە ڕووحسووکی بلیمەت بێ
|
ئیتر باکی نییە هەرگیز لە دونیادا هەتا ماوە
|
دووچاری بیری تانەی ناحەز و لۆمە و مەلامەت بێ
|
هەدەف بێ سینە بۆ تیری موژەی دڵداری هەر خۆشە
|
بەڵێ یا هەرچی باداباد ئەگەر قەسدت موحیببەت بێ
|
نەکا بەدعەهدی و سستی لە ڕێگەی عەشقبازیدا
|
بەوێنەی شێر لە مەیدانا وەکوو ڕۆستەم بەهەڵمەت بێ
|
لە شمشێری برۆی دڵدار ئەبێ پەروای نەبێ عاشق
|
لە ساحەی عەشقبازیدا چییە با جەرگی لەتلەت بێ
|
سەروماڵم ئەگەر بڕوا لەپێناویا نییە باکم
|
لە گوڵزاری گوڵی ڕووی وەرگرم فرسەت غەنیمەت بێ
|
بەڵێ ئەشعاری عورفی سافە وەک ئاوێنەی ڕووی یار
|
ئەبێ پێی ئیعتراف بکرێ ئەگەر نەختێ حەمییەت بێ
|