براکەی کوردم کاکی خوێندەوار
|
وێنەم پێشکەش کرد بە هۆی یادگار
|
بەڵام ئەم وێنە کەوا پەرۆشە
|
سەر و گوێلاکی ئەڵیێ نەخۆشە
|
ئەمە ژێر تەشوێی دەردی گرانە
|
سینەمای چەرخ و زەدەی زەمانە
|
هەر شەوێ خەمێ هەر تاوێ دەردێ
|
هەر ڕۆژ گیرۆدەی هەناسەی سەردێ
|
ساڵێ ئەفەندی، مانگێ مەلا بوو
|
ڕۆژێ ئاشەوان، ڕۆژێ فەلا بوو
|
گا ئاهـ و ناڵەی جێماوەی هۆزی
|
گاگا قوڕ پێوان بۆ نزمی کۆزی
|
گا زایەڵەی سەخت بە شین و زاری
|
ئەیدا بەسەریا بۆ کوردەواری
|
سەرم سوڕ ماوە کە چۆن ژیاوە؟
|
سەرتا پای باڵای چۆن نەسووتاوە؟
|
باوجوود زەمان سەدهەزار وایە
|
لە ڕووی گیتیدا هێنایە کایە
|
قانع لە یاران زیاتر نییە
|
ئیتر گلەیی لە زەمان چییە
|