برووسکەی هەوری هیجران سووتانی خانەیی سینە
|
کڵوکۆی دامرا سەر تا بە خواری تاکوو بنچینە
|
لە مەیدانی جەماڵا ئەسپی تازی تاو بدا دڵبەر
|
لە کوێ تۆ تۆزی پێی ئەبڕی بە سواری ئەسپەدارینە
|
کە ڕۆژی ڕووی لەگەڵ ڕۆژی سەمادا وەختێ جووت بگرن
|
ئەکەونە شوبهە عالەم ئاخۆ کامیان ڕۆژی پێشینە
|
مەبادا خوا نەخواستە بەر دۆعایی دەردەدارێ بێ
|
جوانم خۆت بپارێزە لە ئاهـ و ناڵەیی سینە
|
ئەگەر ساتێ خیلافی تەبعی ئێوەی کرد دڵم دەرحاڵ
|
بە دەستی خۆت لەناو سینە دەری بێنە بیسووتێنە
|
دەمێکە عاقرە ئەم پیری غەددارەی لە خوا عاسی
|
بەبێ میهر و نیکاح ئەم قەحبەیە هەر شەو لە زایینە
|
نەسیحەت بگرە گوێ جانا هەتا پێت ئەکرێ ڕای بگرە
|
نەکەی هەرگیز دڵی بێچارەی ئەم پیرە مەڕەنجێنە
|
لە ڕێی خوادا دڵی گرتووم لە بەندی پەنجەکەت بەردە
|
وەرە خێری بەسە ئەم پیری فەوتاوە مەفەوتێنە
|
هەتا یاری سەفەرکەردە سەڵامەت دێتەوە لامان
|
بەخوا عورفی لەسەر قەبرم مەلا مەشغووڵی تەڵقینە
|