بولبولی دڵ بۆ خەیاڵی نوکتەپەردازی ئەکا
بولبولی دڵ بۆ خەیاڵی نوکتەپەردازی ئەکا | تو خودا کێ وا دەزانێ خونچەدەم ڕازی ئەکا |
لەشکری شاماتی زولفەینی لە گەردشدا دەڵێی | عەسکەری سوڵتانی ڕۆمە و مەشقی سەربازی ئەکا |
موغبەچەی خاڵی لەسەر گوڵئاتەشی لێوی لەلام | ساحیری هیندووستانە ئاتەشەندازی ئەکا |
سوحبەتی ئەمشەو پەشێوی ڕوومەتی گیراوییە | ئەو حەبەشزادەی قولە، هەر کەسبی غەممازی ئەکا |
بۆ لە سەردانم هەمیشە، تیغی عیشوەی حازرە | من بە قوربانی، بە شەهدی لێوی شانازی ئەکا |
قازی و موفتی دەڵێن، یانی حەرامە سوحبەتی | ڕووی ئەوە ڕەش بێ بە قەولی موفتی و قازی ئەکا |
بێتە سەر ڕەوتی کومەیتی بەیتی خۆش تەعلیمی من | هەر کەسێ وا ئەسپی تەبعی فێرە ڕمبازی ئەکا |
وا ئەزانم بێ ئەدەب نابێ ئەگەر ناری بڵێ | ئەم غەزەلمانە لە لەهجەی شێخی شیرازی ئەکا |
This work is now in the public domain in Iran, because according to the Law for the Protection of Authors, Composers and Artists Rights (1970) its term of copyright has expired for one of the following reasons:
In the following cases works fall into the public domain after 30 years from the date of publication or public presentation (Article 16):
|