بووکی دونیا شوو بە مێردی جاهیل و ئەحمەق ئەکا
|
حەقیەتی بێزوو بە خوێنی جەرگی ئەهلی حەق ئەکا
|
وا جەهەننەم پڕ لە جاهیل لەهو و لەعبی خۆی ئەکا
|
تێگەیشتوو بۆچ لە ژێر عاباوە خۆی ئیرەق ئەکا
|
ئەی دریغ ئێستاکە ئەهلی حەق نەما ئەولادییان
|
غەیبەتی دینپەروەران و کردەوەی ناحەق ئەکا
|
عالیم و جاهیل لە مەعنا و سورەتا فەرقی نەما
|
چونکە هەردووکی بە بۆیاغی سمێڵی دەق دەکا
|
هەر موسوڵمانێ قسەی حەق گەر لە جێگایێ بکا
|
جێبەجێ لەو جێگە خۆی بێ حورمەت و جێ لەق دەکا
|
واعیزێ وەعزی بدا زاڵم وەکوو کتکی قەڵەو
|
گۆشتی دابەستوو ببینێ چاوی هەردوو زەق دەکا
|
خوانەخواستە عالمێ تەعزیری جاهیلێ بکا
|
ئەو مەلا تووشی بەڵا و خۆی کافری موتڵەق ئەکا
|
ئەی مەلا تۆ چۆلەکەی، زاڵم پشیلەی مەتبەخە
|
تۆ نەچیتە مەتبەخی، چاوی لە تۆ کەی زەق ئەکا؟
|
حەق وتن قانوون نییە، ناحەق وتن بێ شەرعییە
|
شەققی شەففە سادق و کازب نزیکی شەق دەکا
|
تۆ دەل و بیبەر نەخۆی تەئسیر لە داوێنت نەکا
|
لاجەرەم سیرخۆر ڕەفیقانی کە لووتی ڕەق ئەکا
|
تالیبی ئاسایشی حیفزی زوبانی کافییە
|
وەرنە قەولی بێ سەر و پا قەلبی ئینسان ڕەق ئەکا
|
سابیری لەوساوە تەبعی ئەهلی دونیای ناسیە
|
نە بچووکی تێگەیی و نە گەورەیی ئەحمەق ئەکا
|