بووکە بارانە ئاوی پیادەکەن
بووکە بارانە ئاوی پیادەکەن | ئینجا بۆ باران ڕوو لە خوا دەکەن |
خوا هەموو ساڵێ بۆ «کەپرەشینە» | باران ئەنێرێ ئەڵێن: ئایینە |
بۆ ئایین نییە ئەو تۆزە ئاوە | بورجی ئاسمان هەروا سووڕاوە |
ئەگینە ئەگەر بە دوعای «جوو» بێ | ئەبێ بۆ «هیتلەر» مەرگێکی زوو بێ |
لام وایە هیتلەر نەسڵی شەیتانە | بۆ شەڕ خوڵقاوە، عەدووی ئینسانە |
لە سەرزەمین و دەریا و هەوادا | بە شەڕ بۆ بەشەر بۆمبای هەوا دا |
چەند پیر و جوان و منداڵی هەژار | لە گیان کێشاندا لێی کەوتنە هاوار |
کەچی ناڵەیان تەئسیر نانوێنێ | کوا دادی مەزڵووم عەرش ئەلەرزێنێ؟ |
ئەوی بە گوناهـ ڕەش ئەبێتەوە | «تیر» ڕێ لە لەشیا نادۆزێتەوە |
وا چاکە ئینسان هێند گوناهکار بێ | کە «تیر» نەیبڕێ، لە مەرگ ڕزگار بێ |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 666
1942/04/23
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|