تۆ وام تێ مەگە من هەردەگەردم
|
من خاوەن سوپای ئەندێشە و دەردم
|
هەرچی لە دەشت و چیا و سەر ئاوە
|
بە بەهای شێتیی خوا بە منی داوە
|
سفیدەی بەیان، زەردەی خۆرەتاو
|
تریفەی مانگ و لەنجە و لاری ئاو
|
سڵ و ئاوڕوو، گەردنبەرزیی ئاسک
|
قاسپەقاسپی کەو لەسەر ئاسۆ و باسک
|
گوڵ و گوڵاڵە و نێرگسی بەهار
|
شۆخی بەڕەزا و چنوور لە نزار
|
ئەمانە یەک یەک بە تۆ ئەبەخشم
|
تۆش لە نازداریی خۆت بدە بەشم
|
بۆ سفیدەی سوبح سای بەرۆکەکەت
|
بۆ زەردەی خۆریش زەردەخەنەکەت
|
مانگ بۆ ڕۆخسارت، ئاو بۆ جەبینت
|
ڕەمی ئاهوویش بۆ لەنجەی شیرینت
|
قاسپەقاسپی کەو بۆ قاقای جوانت
|
نەغمەی بلبل بۆ وردە ڕازانت
|
گوڵ بۆ نازکیت، گوڵاڵەش لێوت
|
چنوور بۆ زوڵفی لوولی پەشێوت
|
ئەمانەم لەگەڵ بگۆڕەرەوە
|
بەراوردیان کە و گرەو بەرەوە
|