بۆ تۆیە هەر بە تۆیە دەتوانم بکەم سەنا
|
ڕۆژ و شەوی تۆ دێن و دەبێ مەغریب و عیشا
|
گەورە و گران و بێکەس و بێ جێ و بێ مەکان
|
بۆ بێکەسان کەس و بۆ بێ جێیەکان، پەنا
|
تەنها و بەرقەراری، هەر بووی و هەر دەبی
|
بێ ئاز و بێ نیازی، بێ باب و بێ برا
|
بێوێنە سانعێکی بە ئەمرێ دروست دەکەی
|
ئینسان لە ئاو و گوڵ لە گەڵاو و لە گڵ، گیا
|
هەرچی پەڕی گوڵانە، لەبۆ زیکری تۆ، زمان
|
هەرچی گەڵای بەدارەوە، دەستن لەبۆ دوعا
|
هەر شوکری تۆیە دەیکەن و هەر ڕزقی تۆ دەخۆن
|
حەیوان لە بەحر و بەڕیە، فریشتان لەسەر سەما
|
هەر چاویان لە تۆیە، هەر ئوممێدیان بە تۆ
|
هەرچی غەنی و فەقیرە لە هەرلا، گەدا و شا
|
ڕەززاق و نازری لە هەموو جێگە حازری
|
خاڵی لە تۆ، لە عەرز و سەما جێگەیێ نەما
|
بۆ دۆست و دوژمنە کەرەمت، بێ کەم و زیاد
|
بێ مننەت و تەشەخخوسە، بێ قیمەت و بەها
|
موحتاجی ڕەحمی تۆیە، نەبی بێ ئەگەر، وەلی
|
حەیرانی وەسفی تۆیە ئەگەر شێخ، ئەگەر مەلا
|
ماسی لە شەوقی تۆیە لە بەحرا دەکەن شەنا
|
تەیران لە عیشقی تۆ لە سەمادا دەکەن سەما
|
لوتفت لەبۆ مە بێ، چ شەفایێکە دائیمی!
|
دوور بێ لە ئێمە قەهرت، دەردێکە بێدەوا!
|
تۆ زیاتری لە هەرچی خەیاڵاتی لێ دەکەم
|
نی وەک کەسێ، نە کەس وەکوو تۆیە، قسەش بڕا!
|
تەعریفی تۆ لە تاقەتی فیکری مە، چۆتە دەر
|
لااحصى سەییدی مەیە فەرموویە بەرمەلا
|
هەرکەس بڵیندی کەی، بە کەسێ ناکرێ نەوی
|
هەرکەس فڕێ بدەی، لە هەموو جێگە دەرکرا
|
زەڕڕێکی نووری تۆیە کە دونیا پڕە لە نوور
|
ڕووناکی ڕۆژ و مانگی شەو و شوعلەیی سەما
|
هەڵکەی ئەتۆ چرایەکی قەت ناکوژێتەوە
|
ڕیشی دەسووتێ هەرکەسێ فوو کا لە ئەو چرا
|
ڕەدد و قەبوڵی تۆیە یەکێ نەحس، یەک سەعید
|
ئادەم گەڕاوە هاتەوە، شەیتان وەدەرنرا
|
باکم چییە گوناحم ئەگەر زۆرە یا کەمە
|
چونکە هەمیشە پیشەیی تۆ بوردنە و عەتا
|
زۆرم هومێدە ڕۆژی قیامەت بە عەفوی تۆ
|
مەعلوومە هەر لە تۆیە عەتا، لێمەیە خەتا
|
بەخسووس شەفیعی ئێمەیە ئەو خۆشەویستەکەت
|
شابازی ئەو … فەڕ و شای شارەکەی سەفا
|
هەردەم سەڵاتی زۆر و سڵاوێکی بێ ژومار
|
دیاری بۆ ڕۆحی پاکی تۆ، ئەی فەخری ئەنبیا!
|
مەقسوود لە خەڵقی عالەمی، هەر زاتی پاکی تۆ
|
خەڵقی هەموو توفەیلی و هەر تۆی کە بانگ کرا
|
چوونە حزوور و هاتنەوەت، لەحزەیێکی گرت
|
لەو جێگەدا مەلەک بە گەلێک کەوتنە دوا
|
هات، چوو و بیستیی و کوتی و زوو گەڕایەوە
|
ئاڵقەی دەر هەر دەلەرزی، چرای ماڵێ هەر گڕا
|
پاشخوانخۆرن لە خوانی سەفات هەرچی ئەنبیا
|
ورتکەچنی دەری کەرەمت جوملە ئەولیا
|
تۆ پادشای و ئێمە گەدایانی دەرکی تۆ
|
غەیری گوزەشت و بەخش، چ دەکرێ لەگەڵ گەدا؟
|
عەبدم لەبۆ سەحابە- کە یار و ڕەفیقی تۆن
|
قوربانی ئال و بەیت و ئیمامانی ڕێنوما
|
بۆ من کە چوار یاری نەبی یار و یاوەرن
|
بۆ دۆزەخم چ غەم؟ بە بەهەشتم چ ئیعتینا؟
|
ئەودەم کە هەرکەسێ بە کەسێکی دەبێ نەجات
|
ئێمەین و دەست بە دامەنی ئەو پێنج تەنی عەبا
|
کوردین و بێکەسین و لە هەرلایێ دەرکراو
|
دەستێ وەدەس مە دە، کە لە ڕێت ئێمە لانەدا
|
دونیا، کە سیجنی موئمینە، فەرمووت و دات خەبەر
|
هەر بۆ مەیە، لەگەڵ مەیە، هەر لێمە ڕوو دەدا
|
یەعنی نە مڵک و ماشە لەبۆ مە، نە حاڵ و ماڵ
|
نە جاهـ و نە جەلال و بێ ماڵ و بێ سەڵا
|
لێمە نە شا و نە میر و نە سەردار و نە وەزیر
|
نە حاکم و نە نایب و سەرتیپ و نە سپا
|
هەر یەک غوڵام و نۆکەری بێگانە میللەتێک
|
زیز و کز و کەسیف و کەنەفتین و بێنەوا
|
نیمانە مەرکەزێکی کە وا پاڵی پێوە دەین
|
نە مەزن و گەورەیێکی کە پێیان بەرین پەنا
|
پاڵەستۆدان و جواب و فڕێدان لە پللەکان
|
دەس پێوەنان و پشتەملە، زللە، گێت، نەیا!
|
نە مەدرەسە، نە دەرس، نە عیلم و نە سەنعەتێک
|
زوڵمە لەگەڵ مە، هێندە بە چاوێک نەکەن نیگا
|
ئاخر بە زاتی تۆیە هومێدی نەجاتی مە
|
ڕازی مەبە لە ئوممەتەکەت، میللەتێک فەنا
|
ئەوڕۆ حەسەن موئەززینە کوردانە بانگ دەکا
|
هەستن لە خەو، وەخڕ بن و حي على الصلا
|
نوێژ چاترە لە نووستن حي على الفلاح
|
سەجدە و ڕکووع لایقە هەر بەرنە بەر خودا
|