بۆ حەکیمی تێگەیشتوو ئینتیزارم ڕۆژ و شەو
|
شیوەن و گریانە دائیم، ئیش و کارم ڕۆژ و شەو
|
ڕۆژ خەیاڵی ڕوومەتی، شەو یادی زولفی نایەڵن
|
خواردن و خەوتن نییە سەبر و قەرارم ڕۆژ و شەو
|
من لە خۆشی وەعدەکەی یەک لەحزە ئارامم نییە
|
ئینتیزار و کاتیبی لەیل و نەهارم ڕۆژ و شەو
|
خۆ لە شمشێری برۆ و لێوگەستنت باکم نییە
|
خۆت ئەزانی بێ شعوور و بێ ویقارم ڕۆژ و شەو
|
خوێنی دڵ داوێنی چاوی گرتووم مەنعم مەکەن
|
وا بە تووندی لێیئەدا نەبز و دەمارم ڕۆژ و شەو
|
گەر تەماشا کەی لە ئاوێنە دیارە عیللەتم
|
خۆ بە بێ حیکمەت نییە بەحر کەنارم ڕۆژ و شەو
|
ئەی پەریڕوو تۆ بە شمشێری برۆ ترساندمت
|
هاتەوە سوێ کۆنەزامی ساڵی پارم ڕۆژ و شەو
|
باوەڕت بێ سوورەتی تۆ وا لە دڵما نەخشی بەست
|
زیکر و فیکری حوسن و خاڵە کەسب و کارم ڕۆژ و شەو
|
یادی تۆ دائیم برینی سابیری دێنێتە سوێ
|
یەک هەوایە زامەکەی ئەمساڵ و پارم ڕۆژ و شەو
|