بۆ خزمەتی یار، بۆ خزمەتی یار
|
ئەمشەو ڕێکەوت بوو بۆ خزمەتی یار
|
نە ڕێی حەسحەس بوو، نە بەد، نە ئەغیار
|
تەنها سەعاتێک تەنها من و یار
|
شەو خەرقەی نیلی قەترانی پۆشا
|
کەڵەشێر بێدەنگ نەدەخرۆشا
|
مورغی عەرش لەجێی خۆی هەڵنیشتبوو
|
دیار بوو ماندوێتی ڕۆژی چێشتبوو
|
کاکێشان باری کەری کەوتبوو
|
کای ڕەشکەی لەسەر ڕێ هەڵڕشتبوو
|
گای حەوتەوانە کای زۆر خواردبوو
|
هەوساری بە دەست قوتب سپاردبوو
|
ئەوشەوە لەیلا و مەجنوون یەک کەوتن
|
بەڵام لە خۆشیا نەئەسرەوتن
|
ئاواتەخوازی خەڵک هاتبووە دی
|
لە ڕێی ئەفلاکا جووڵەت نەئەدی
|
هەستام خۆم گورج کرد، ئازا، شێرانە
|
نەمئەوت هیچکەس لە لام ئینسانە
|
خەرقەی شەوگەردیم کێشا بەسەردا
|
چاکی داوێنم کرد بە کەمەردا
|
ڕۆیم تا گەیمە بەردەرگاکەی لەیل
|
لەوێ بوبوومە قەیسەکەی دوجەیل
|
چوومە ژوور سەری لە نیوەشەودا
|
ئێشکچی کچان هەموو لە خەودا
|
لەسەرخۆ پێم نا، چوومە سەرینی
|
ماچم کرد خاڵی لێوی شیرینی
|
چاوی هەڵبڕی سەوڵی خەرامان
|
یەخەی کردەوە سەر تا بە دامان
|
وتی: کام بێ شەرم لە نیوەشەودا
|
ڕاستی کردمەوە لە شیرین خەودا
|
بەرقی ڕوخسارم بدات لە جەستەی
|
هەڵیقرچێنێ ئەندامی خەستەی
|
وتم: ئەی شەمعی ڕووی نازەنینی
|
پەروانەکەت هات تا بیسووتێنی
|
بە ئومێدی سەر نەهاتمە ئێرە
|
من قوربانی تۆم بمکۆژە لێرە
|
من شۆڕی عەشقت بێ ترسی کردووم
|
هەرچەند کە زیندووم لەڕیزی مردووم
|
چاوت بیماری بە ناو لەسەرە
|
پیاوکوشتن لەلای نەخۆش خەتەرە
|