بۆ خودا دەرخە سەعاتێ نەوگوڵی ڕوخسارەکەت
|
با بە کامی دڵ ببینی بولبولی گوڵزارەکەت
|
باوەڕت بێ وا لە چاوم سەیلی خوێنین جارییە
|
ئاموشۆ ناکا لەمەولا قافڵەی سالارەکەت
|
گەر دەپرسی حاڵی دەردی عاشقی ڕوخسارەکەت
|
حاڵەتی بولبول تەماشا کە لە نێو گوڵزارەکەت
|
سوبحی دەم بادی سەبا موژدەی ویسالی دا بە دڵ
|
جانی شیرینم نیساری پەیکی خۆش ڕەفتارەکەت
|
فاریغولبالم لە غەمزەی چاوی خوێنڕێژی ئەجەل
|
چونکە ئەو نابێ موقابیل غەمزەکەی خوونخارەکەت
|
موددەتێکە سابیر وەعدی بە هاتن داوە یار
|
خۆ نەهات ئەو بێوەفای غەدارەکەی عەییارەکەت
|
سەد نەهاتی هات و سەد هەیهات، هاتی تۆ نەهات
|
ئاخ لە جەور و زوڵمی یار و تالیعی غەدارەکەت
|
موددەتێکە سابیری یارت وتی دێم و نەهات
|
بە ئەقلم پێی خۆش نییە شەو شیوەن و هاوارەکەت
|