دایم لەفیکر و زیکری خەیاڵاتی میللەتم
|
بۆیە وا کز و مەلوول و بەسۆز و حەسرەتم
|
ئەی ڕۆڵە دەردی تۆ بەندی جگەرمی بڕی
|
تەئسیری داغی حاڵی تووە من بەعیللەتم
|
ئەم کوورەیەی لە سینە دەگڕێ وەها بەجۆش
|
تیایا بەڕاستی دەسووتێ جەرگی لەت لەتم
|
شەرت بێ نەکەم لە کاری تۆ یەک زەڕەیێ قسوور
|
گەرچە لە مەعرەز تووشی سێدارە و پەتم
|
من پیر و مورشیدی تۆم نەوڕەسیدی گوڵ
|
گەر بمکوژن لە ئیشی تۆدا، نابێ میننەتم
|
ئەم ئارەزووی ئاتەشینە لەمن ئاشکارە بوو
|
لۆمەم دەکەن لە تەوبیخ و بەحس و سوحبەتم
|
هەرچەند کە تووشی تەهلوکەیێ بم لە ڕێی وەتەن
|
دەم دەم زیاد ئەبێ شەرەف و شان و عیززەتم
|
چارەی تۆ ئینتیباهێک و عیلم و مەعاریفە
|
چارەی منیش فیداتی بکەم نەقدو سەروەتم
|
عەرزی ئەسیری لە خزمەتی مودیری کائینات
|
یارەبی تەڕەحومێ بەگەلی کوردی میللەتم
|