بۆ نەبەردی و چاونەترسی فەوقی سەد ئەڵمانە کورد
|
بۆ شەڕ و دەعوای حەقیقەت شێری ڕووی مەیدانە کورد
|
بەحسی ئازایی هەتا ساڵێک بنووسم هەر کەمە
|
من ئەزانم چی بنووسم پاکی سەد چەندانە کورد
|
داخەکەم بێ عیلمن و خۆخۆرن و خوێنڕێژی یەک
|
هەر خەریکی تاو و قووچ و کوشتن و تاڵانە کورد
|
خزمەتی خەڵقی بە ڕۆح و سەر هەتا مردن ئەکەن
|
ڕەعیەتێکی بارەبەر، گوێگر، هەموو ملپانە کورد
|
بێ سەر و سەردارن و دوشمن بە ڕۆحی یەکترن
|
بۆیە پەڕپووت و زەلیل و وێڵ و سەرگەردانە کورد
|
ڕادیۆ ئەیخاتە گوێم زەوق و شەوقی نەشیدی عالەمێ
|
عوود و تار و زەوق و شەوقی شیوەن و گریانە کورد
|
بۆ بڕینی دەستی بێچارە و فەقیر وهیچ نەزان
|
چەندە وەستای پرچ و ڕیش و ڕشتنی چاوانە کورد
|
ئەجنەبی ئەمڕۆ لەسەر تەختی هەوا جەولان ئەکا
|
سەنعەتی ماکینەجاتی جەلبیی و زیندانە کورد
|
گەر ئەپرسی باعیسی ئەم جەلب و سەرگەردانییە
|
تەکیە گووڕێژ و گسکچی خانەقای شێخانە کورد
|
یا خەریکی مێزەر و ڕیش و عەبا و جببەیە
|
بێ سەودا و بێ دەنگ بەدایم ئیشی چاونووسانە کورد
|
هیچ نەما یەکسەر کە نەیکەن جەلبیی ئەرز و ئاسمان
|
کەشفی ئەرز و ئاسمانیی زەرگ و دەف لێدانە کورد
|
هەر بە تیفلی فێری سنعەتیان نەکردین پێی بژین
|
تەقنە و سواڵیان نیشان داین بۆیە ماڵوێرانە کورد
|
نوێژ و ڕۆژوو بوو بە کارمان فیکری عیلمی بێ سەمەر
|
بۆیە ئێستەش هەر خەریکی سواڵی ناو کووچانە کورد
|
کاکە با بەس بێ خەیاڵی میللی و فیکری عەبەس
|
هەر سەری ئەمڕۆ ئەبینی گۆی شەقی مەیدانە کورد
|
موفتی گەر ئەقڵت هەبێ هەوڵی ژیانت چاترە
|
سەد ئەوەندەی تر بڵێی هەر دەردی بێ دەرمانە کورد
|