بۆ وەتەن بێشەی شێرانم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
|
بۆ ڕەواجی کوردەکانم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
|
بۆ سەعیدی نەوجەوانم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
|
بۆ سوارەی شەمزینانم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
|
بۆ براکانی شیمالم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
|
ئەی وەتەن کوا ڕەونەقی عەسری سەلاح ئەلدینی تۆ؟
|
ئەی وەتەن کوا نەعرەتەی سەد ڕۆستەم و گڕگین تۆ؟
|
ئەی وەتەن کوا کۆهکەند یا لەنجەیی شیرینی تۆ؟
|
ئەی وەتەن کوا شەوق و عەیش و سۆسەن و نەسرینی تۆ؟
|
بۆ براکانی شیمالم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
|
چۆن نەناڵێنم لە داخی گەردشی چەرخی زەمان؟
|
کوا شکاک و کوا لوڕ و کوا دەبدەبەی بابانییان؟
|
قوڕ بەسەر خۆم دەربەدەر خۆم بۆ دەماخی کوردەکان
|
هەر بڵێیم چاکە هەتاکوو ڕۆژەکەی ئاخر زەمان
|
بۆ براکانی شیمالم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
|
شێر کە هات گیرۆدە بوو سەد نەعرەتە و ناڵەی بە هیچ
|
عاقڵێ گوێ لێ نەکەن فکری دووسەد ساڵەی بە هیچ
|
باخی بێ نەرگس عەزیزم سەد گوڵی ژاڵەی بە هیچ
|
شین ئەگەر دڵ پڕ نەکا سەد شۆڕش و گاڵەی بە هیچ
|
بۆ براکانی شیمالم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
|
ئەی وەتەن بۆ بووی بە شاری مورد تاری عەنکەبووت؟
|
ئەی وەتەن بۆ بێ سەفا و بەزمی لە بەرچی ڕووت و قووت
|
ئەی وەتەن ئێمە نمەکگیری ئەتۆین وەک مەلکەمووت
|
واین لە حەپسی ئەجنەبیدا دەستە دەستە تاق و جووت
|
بۆ براکانی شیمالم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
|
قانعا تەنها تەماتە چی بە چی کەی قوڕ بەسەر
|
ئەم وەتەنمانە لەدەس چوو کەوتە ناو گێژی خەتەر
|
یەک یەکی گەر ئەهلی دڵ بن، دەرکران و دەربەدەر
|
تۆیش بەناحەق خۆت ئەخەیتە مەهلەکە و بەزمی چەمەر
|
بۆ براکانی شیمالم حەسرەتا سەد ئاخ و داخ
|