بیحەمدیللا بیابانی دڵ ئەمساڵ
|
پەڵەی لێداوە بێ مانەند و ئەمسال
|
بە پاچی تاعەت و جووتی ڕیازەت
|
موبەڕڕا بوو، موهەڕڕا بوو لە ئەو باڵ
|
کە خاڵی بوو لە بەرد و خاری ئەغیار
|
مەقامی یارە پڕ ئاڵتوون و کۆتاڵ
|
وەکوو باغی ئیرەم خۆش و دڵئەفزا
|
نەمامی عەرعەر و هەم سەرو و شمشاڵ
|
بەدائیم پڕ فریشتە و بێ شەیاتین
|
لە کن تەعریف و ئەوسافی زوبان لاڵ
|
هەمیشە بولبولی ڕۆحم ئەخوێنێ
|
لە نێو گوڵزاری دڵدا فارغ البال
|
دەمی ڕۆحم لە شیرین بوو لەمەولا
|
مەسەلمێنە لە دڵ بگرم قسەی تاڵ
|
کە من مەستی شەرابی عەشقی یارم
|
بە سەربەستی دەکەم ئیزهاری ئەحواڵ
|
دڵ و دینی ڕفاندم شۆخ و شەنگێ
|
بە غەمزەی چاوی بیمار و لەبی ئاڵ
|
ئیتر زاری دەکا تاجر بە ناچار
|
ئەگەرچی جەردە ناکا ڕەددی کۆتاڵ
|
لە لاشەی پیسی دونیا لادە سابیر
|
دەنووک نادەن لە چاوت سەرگڕ و داڵ
|
عەجەب شیوەن ئەکەی بۆ بەرگ و نانت
|
چ بێ باکی لە ڕۆژی مەرگ و ئەوباڵ
|
عەمامەی پاک و پڕ پێچت دەلیلە
|
دڵت بێ غەش نییە ئەی شێخی بەرماڵ
|
بە ڕیش و پرچ و تەسبیحت تەواوی
|
نەمازت ناتەواوە ئەی کوڕی خاڵ
|
ئەگەر مەردی لیباسی زوهدە بەرگت
|
لە بۆ ژن چاکە سورمە و خامەکی ئاڵ
|
وەکوو زەڕ خالیس و بێ غەش بە قوربان
|
وەگەرنە ئەتخەنە بۆتە ئەبی قاڵ
|
لە بۆتەی ئاگری دۆزەخ بترسە
|
بە ملیۆن پیاوی تێدا بۆتە زووخاڵ
|
ئەگەر تۆ تالیبی دونیای لەگەڵ سەگ
|
گەلێ جا تۆش ئەبی شەڕڕ و دەمەقاڵ
|
لیباسی زوهد و تەقوا بێنە مەیدان
|
مەهاڵێنە لە خۆت بەرگی شڕوشاڵ
|
قسەی پیاوانە نازانم بڵێم چی؟
|
دەسم پێ کردووە وەک شێت و منداڵ
|
لە بۆتەی یار سابیر زۆر بترسە
|
گەلێ خەڵکی لە ناودا بۆتە زوخاڵ
|