بێ ئیرادەی ئەمر و تەوفیقی خودای زولجەلال
|
ئیش و کاری هیچ کەسێ ناگاتە سەرحەددی کەمال
|
گڕڕ و فڕڕی جونبشی جوملە وحووش و هەم تیوور
|
هەر لە ئەوجی ئاسمان تاکوو بیابان و بحوور
|
ذی حەیات و دار و بەرد و خاک و خۆڵ و ئاب و نار
|
قودرەتی ئەو خەلق و مەحوی گشت ئەکا لەیل و نەهار
|
یا خودا تەوفیق تا مەنزوومەیێ تەئلیف بکەم
|
عیللەت و ئازاری بێ دەرمانی دڵ تەعریف بکەم
|
با بمێنی یادگاری دەردی «نەجمەددین نەجل»
|
عەبدوڕەحمان ئیبنی شێخ مەحموود، بەرزنجی ئەسڵ
|
کوشتمی ئازاری زامی تیغی جەوری ڕۆژگار
|
با هەمووکەس تێبگا اظهر من الشمس ئاشکار
|
هەرکەسێ گۆیی هونەر دەرکا لە مەیدانی مەساف
|
بۆ سەری ئەو تیغی دەوران بێ غەڵاف و بێ خەلاف
|
زولفەقاری ئەشق، تیغی چەرخی دەوران کول ئەکا
|
حوسنی جانان دەرکەوێ کێ سەیری باغی گوڵ ئەکا؟
|
هەرکەسێ ئەشقی حەقیقی بێ دەبێ پەروانەوار
|
خۆی نەپارێزێ لە سووز و ئیشتیعالی شەمع و نار
|
هەر دڵ و جانە نیساری خاکی پێی جانانە بێ
|
دووگومانە سابیری ئاخۆ قەبووڵە یا نەبێ
|