بێ قەزا بێ، مامە سۆفی تا بێ ڕیشی پان ئەکا
|
قُل بە فل حاڵیی بووە، چی ئیدیعای ویژدان ئەکا؟
|
خەڵکی گەییە جەلبی ڕۆح و، ئەو خەریکی شانەیە
|
حەز لە تەزبیحی گڵین و، خڕنووک و قەزوان ئەکا
|
وا دراوسێ کەشفی مانگ و ڕۆژ ئەکەن، ئێمەش شوکور
|
کاکە دەروێش وا خەریکە، کەشفی دۆڵەی نان ئەکا
|
مامۆساکانمان ئەڵێن زۆر سوننەتە سواری بە کەر
|
هەر کەسێ سواری بە فۆرد کا، خۆی شەریک شەیتان ئەکا
|
ئەو بە تەییارەی نەفاسە تەی ئەکا ڕێگەی وڵات
|
ئەم بە سواری کەر خەیاڵی سووریە و لوبنان ئەکا
|
کافرە سەگبابەکان کەی سنعەتە تەلسز ئەکەن
|
حەمدولیللا کوردی ئێمە قووڵینە و تەیمان ئەکا
|
قانعا بێ سوودە، یا شێخ دوژمنی پێشکەوتنە
|
هۆش و بیر و یەکیەتی، دەردی وڵات دەرمان ئەکا
|