بەرز و بڵندە هێندە دەرەجەی خاکەکەی وەتەن
|
هێشتا بەهاری ئێمە نەهات، سەوز نەبوو چەمەن
|
چوارلا بەهارە، بەزمە، سەدای ساز و زیلەیە
|
لای ئێمە هەر شەستە، سەر بە کڵاوە و ڕەهێڵەیە
|
نیسان بەهاری ئێمەیە وا چاوەڕێین کە بێ
|
هەر قەترەیەکی گەوهەرە تەرزەی لەگەڵ نەبێ
|
زستان گەلێک بەزوقم و هەڵا بوو ئەمانەوێ
|
پاداشی ئەو هەڵایە بەهارێکی دەرکەوێ
|
هەر گۆشەیەکی خاکی وەتەن بێتە گوڵشەنێ
|
هەوری بەهار بگری، چەمەن شاد بێ، پێبکەنێ
|
سەر هەر چڵێک گوڵێ، بە نەوایەکی بلبلێ
|
بەزمێکی جەم بێ، بادە وەکوو کانی هەڵقوڵێ
|
هەر بێشەیەکی پڕ لە هەژیر و شێر
|
بۆ ڕۆژی ئیحتیاجی وەتەن جانفیدا و دلێر
|
مژدەی بەهاری پێیە شکۆفەی نیهالی گوڵ
|
وەک ئایەتی ژیانەوە ئومێد ئەدا بە دڵ
|
ئەمشەو گوڵی ئومێدی وەتەنمان ئەپشکوێ
|
میللەت ئومێدەوارە بە زانستی پێش کەوێ
|
زانستیە پلەی وڵات بڵند ئەکا
|
زانستیە کە ئێمە بناسێت بە ئەوروپا
|
زانستیە زۆر بەنرخە ئومێدی ئاتییە
|
ئەم ئیحتفالە فەئلە ڕوو لە هاتییە
|
تۆفیقی حەق بێتە ڕەفیقمان لەم ئیشەدا
|
وا دەست لە دەست، هەڵبەتە خوا قوەتیش ئەدا
|