بەزەیی
بابە: سەیری ئەم بەرخە کە چەند جوانە | ڕۆڵە: ئەوە بەرخی مەڕی خۆمانە |
بابە: توخوا، با ئەم بەرخە هی من بێ | وای لێ ئەکەم قۆچ لێ نەدا و هێمن بێ |
ڕۆڵە: تۆ ئەم بەرخەت بۆچی خۆش ئەوێ | باڕەی خۆشە و هۆگرمە و دووم ئەکەوێ |
وا دام بە تۆ، چۆنی بەخێو ئەکەی ئەیزانی | بیشۆ، پاکی ڕابگرە تا ئەتوانی |
ئەم بەرخە گەر بەخێو بکرێ و بێت بە مەڕ | لە سێو و مێو چاکتر بۆمان دێتە بەر |
شیری ئەبێ ئەیخۆینەوە سبەینان | سەرتوێژی ماستەکەی ئەخۆین لەگەڵ نان |
کەشک و شیرێژ و سوێرەکە و پەنیری | ئەیخۆیت و بۆ کەس و کاری ئەنێری |
خوری ئەکەین بە جاجم و پۆپەشمین | بە بەرماڵ و جەواڵ و شاڵ و سەرزین |
بە زاووزێ، پەرە ئەگرن، زۆر ئەبن | ڕانێکی لێ دێتەبەر نایەت لە بن |
کە میوان هات، سەری ئەبڕین گۆشتەکەی | نا، نا، توخوا بابە ئەوە قەت نەکەی |
بەستەزبانە، خانەزایە، شیرمژە | وەک ئێمە ژینی خۆش ئەوێ مەیکوژە |
بەرخێک کە ئەوەندە چاکەی بێ بۆمان | سەری نەبڕین گوناهـ نەکەین بۆ خۆمان |
1932/04/07
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|