بەسەر نەتاشین نابیە قەلەندەر
بەسەر نەتاشین نابیە قەلەندەر | بە ئاوێنەیەک نابیە ئەسکەندەر |
بە تووڕەبوون و کڵاو خوار دانان | نابیە قوماندان تا نەچیە مەیدان |
سوار هەتا نەگلێ نابێ بە سوار | برنج نەکوترێ ناچێتە بازاڕ |
تا تینی کوورە نەبینێ تەواو | بەردی ڕەق نابێ بە شووشەی گوڵاو |
تاتۆی هەورامی بارگیرێکی بوو | لەناو کەرسواردا بە یەکەم دەرچوو |
ئەیگوت یە بادەن ئینە بارانەن | پا، بارەی ڕەزمی شەهریارانەن |
تا ڕۆژێ کەوتە ناو تیپی سوار | دەرنەچوو، دواکەوت وەک کەری ژێربار |
بانگی کرد یاران «یابوو»م وەستاوە | تمەز هەرەنی یا مادە گاوە |
تۆیش کە کەوتیە سەودای خودبینی | خۆت لە ئاوێنەی دێودا ئەبینی |
تا گیزەی گوللەت نەبێ بە سەردا | تا ڕاتنەفڕێنن بە دەشت و دەردا |
قەدری وێرانەی عجوز نازانی | لە هەموو شوێنێ مەردی مەیدانی |
کە بە چڵوچۆ چوویتە سەر کورسی | ئیتر لە دۆستی کۆنە ناپرسی! |
ئەوی لە دیزەی خەڵکدا ئەسکوێیە | هیچ کەس نازانێ ئەسڵی لە کوێیە |
هەندێک کە وتیان قسەیان خۆشە | کە ڕازیان دادا دڵیان بە جۆشە |
هیچ ئەملاوئەولای خۆیان ناڕوانن | سافیلکەن خەڵکی بە دۆست ئەزانن |
تا پیادەی غەیبی لێیان ئەگۆڕێ | بێ ئەجەل لەپڕ ئەکەونە گۆڕێ |
گۆڕی بێ، بۆچی قسەی مووش ئەکا | بۆ پێکەنینی خەڵک، خۆی تووش ئەکا |
دەردی جوانییە پێوەندی پێی گوڵ | بەڵای زمانە قەفەسی بولبول |
مەسکەنی مشکان درزی دیوارە | ئەبێ بزانێ مشکیش گوێدارە |
گوڵم دی لەسەر ئاگر ئەکوڵا | ئەمەم لێ بووبووە گرێ لە دڵا |
وتم: چییە ئەم هەڵقرچانەی تۆ | وتی: پێکەنیم بۆیە وام بۆ بۆ |
ڕۆژنامەی ژیان، ژمارە 552 و 149
1938/03/03
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|