بەهاری کەنار شار
دوێنێ بەیانی چوومە قەراغ شار | خەیمەی بەهار بوو دیارە و دیار |
لە پرشەی ئاونگ بە تیشکی هەتاو | گوڵ چووبووە شێوەی بووکی سەربەدراو |
شنەی بای بەهار ئەیدا لە غونچە | ئەیگەشانەوە و لای ئەدا پەچە |
نەک دڵێک سەد دڵ ئاواتەخوازی | ئەو پێکەنینە و کریشمە و نازی |
هەمیشە بەهار لە کەناری چەم | بوبووە لاگیرە و گوڵی سەر پەرچەم |
لە ڕێگاکانا گوڵەزەرد یەکسەر | بوبووە زنجیرەی تەڵای پشتەسەر |
قەتارەی نەسرین لە نشێوی شیو | بریسکە ئەدا وەک هەیاسەی زیو |
سێپەڕە و مینا بە خنجیلانە | ئەتوت ملوانکەی مووروو شیلانە |
پەلکی گۆزروان بەسەر گیاوە | جووتەی دڵخوازە وا تێک ئاڵاوە |
ئەگریجەی بووکە بەڕەزا و چنوور | چارەچەقیلە بۆتە تارای سوور |
بەلیس گیای پیشۆک ئەدۆزرێتەوە | وێنەی پرچی کچ ئەهۆنرێتەوە |
گوڵی زەرد و سوور لەگەڵ ئەرخەوان | وەک جسری مۆدە بە ڕۆژی شەموان |
شەوبۆ و ڕێحانە و کەنیر و گیابەن | پەکی لاوانتەی ئەوروپا ئەخەن |
شنگ و هەڵەکۆک چەورە و پێقەلە | چاوبازە و بزنەڕەشە و خەرتەلە |
کاشمە و بەڕەزا، لووشە و ترشۆکە | کووزەڵە و کاردو و پونگە و بەنگۆکە |
تۆلەکە و جاترە و شویت بەڕیزە | کەرەوز، تەرخون، پیاز، تەڕەتیزە |
ئەمانە هەمووی کە گیای بەهارن | هەر یەک بۆ دەردێک دەرمان و چارن |
سەوزەڵە و نازدار بە لەنجەولارن | تازە کیژۆڵەی تیپی گوڵزارن |
کارێزی شەریف مەڵبەندی جوانان | ئاخی بۆ ئەبەن پەری ئاسمانان |
ئەو ئاوە جوانە لەو دەشتە وێڵە | چاوی قرژانگی لە چاوا لێڵە |
هاڕە هاڕی دێ لەو کۆڕەشیوە | وەک سەرچۆپیکێش دێتە قریوە |
نازناز و نێرگس، شەوبۆ و گەزیزە | هەڵدەپەڕین وەک کچان بەڕیزە |
دەستیان گرتبوو پڕ جۆش و خرۆش | گۆرانیبێژیان بلبلی دەنگخۆش |
بە سۆز و ناڵە پیاوی ئەگریان | وەک کای کۆن دڵی منی ئەسووتان |
دار و گیا و گیاندار پڕنەشئە و دڵخۆش | من و وەنەوشە ملکەچ و شینپۆش |
ئەو پابەندی خاک کۆنەهەواران | من دڵبەندی خاک مەزاری یاران |
1931/04/10
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|