ڕۆڵە بزانە ترێ چەند ڕەنگە
|
کامیان زوو ڕەزەو، کامیان ئاونگە
|
ترێ پادشای هەموو میوانە
|
هاوین پێخۆری هەموو میوانە
|
خوا خۆی فەرموویە «أعناب و نخيل»
|
پێش خۆرمای خستوە قورئانمان دەلیل
|
بە «داڵیتە» وە هێشووی چەند جوانە
|
نموونەی مەدح و نەزمی قورئانە
|
خەڵکی بۆ گەڵای بە ئاخ و داخە
|
لەگەڵ پێگەیشت باوی یاپراخە
|
چووزەرەی ژنی تێ دەورووژێ
|
بێزووکەر تەرزی دادەکرۆژێ
|
کە کۆتەرەکەی پیاو ئەیسووتێنێ
|
بۆ نێرگەلەکێش قڕانێک دێنێ
|
ڕۆنی داری مێو بۆ ڕیحی طيار
|
لەگەڵ تێتهەڵسوو ئەڕوا بە یەکجار
|
سێبەری سەرحەوز هەمووی بەمێوە
|
هەر هێشوویەکی توورەکەی پێوە
|
بەرسیلە نەختێ خوێی لەگەڵ بێنە
|
لە کاسەیەکا هەڵیتەکێنە
|
بیخەرە دەمت دەم بتەقێنە
|
بە تامەتامە سەر بلەقێنە
|
هەنگ شیلەی ئەوە ئەیکا بە هەنگوین
|
سێبەر و بەر و سەری هەر ڕەنگین
|
نەشئە ئەبەخشێت دایکی شەرابە
|
ساڕێژی کزەی جەرگی کەبابە
|
هەر لەو ڕۆژەوە دنیا دانرا
|
مەدحی شەرابە بە شیعر بێژرا
|
پاییزان ترێ و کەباب چەند خۆشە
|
«شیرە» و «کاڵەکوت» چاری نەخۆشە
|
بۆ ساوەر کوتان کەشکەک و ترێ
|
هێزی ئەوانە دەست مێکوت ئەگرێ
|
دۆشاوی باوی سەرمای زستانە
|
باسووق و سجووق ڕاحەی کوردانە
|
دیومە پاقلاوە لە نانە باسووق
|
ناردیان بە دیاری هەر لەبەر تاسووق
|
مێوژە ڕەشکەی لە خورما خۆشتر
|
وەک ئەو شیرینە و لەویش فێنکتر
|
قەومێک لە لایەن پارە بردنەوە
|
بە مێوژە ڕەشکە تاقیان کردنەوە
|
ئەوە بوو وتیان بە هەورامیانە:
|
پادار بگیرۆ، بێ پا وێمانە
|
خۆ مێوژە سوورکە لەگەڵ لەبلەبی
|
ئەوەند بەتامە درەنگ تێر ئەبی
|
شەوارەی زستان شەوچەرەی دۆستان
|
باسووق و سجووق دێتە بەردەستتان
|
بەسەر مێوژدا مەولوود ئەخوێنن
|
ئەبێ بە مووفەڕک خەڵک ئەیفڕێنن
|
سرکە ئەنواعی ترشی لێ ئەکەن
|
ڕەنگاو بۆ شێخان دەست بە دەست ئەبەن
|
حەڵوای دۆشاوی خەنیمی کوردە
|
چەند پێخورێکی بە دەست و بردە
|
خەڵک کردوویانە بە بەند و باوێ
|
وای لە قوونێیە و وای لە دۆشاوێ
|
من ئێستاش مشتاق بەزمی مشتاغم
|
هەڵپەڕکێ و بلوێر دای لە دەماغم
|
لەتکەی سەر مشتاغ دەمی سبەینێ
|
هەزار ڕوتابی عەرەبی دێنێ
|
قلانگی سجووق بە تەنافەوە
|
سێ داخی ناوە بە دڵی جافەوە
|
پەڵووڵە باسووق بە بادامەوە
|
وا دیسان تامەتامەی دامەوە
|
چەکەرەی باسووق بیکەیتە ناو ڕۆن
|
هەر بیخۆ و بڵێ توخوا چۆنە چۆن؟
|
زستان خۆشاوی مێوژ دەسکەوێ
|
خەفەتباریش بی خەمت ئەڕەوێ
|
ئەنجا با ناویان بڵێین سەربەسەر
|
من ئەیڵێم و تۆ بیخەرە دەفتەر
|
یەکەم «زوورەز» ە کە زوو پێدەگا
|
پێستی ئەستوورە هەروەک چەرمی گا
|
ئەمجا «مەفرە» و «زەڵکە» ئاودارن
|
بەڵام شیرین نین هەر مزرکارن
|
ترێ «سەعدانی» ڕەونەقی ڕەزان
|
بە لارولەنجە وا هاتە دووکان
|
حەرامە لە پاش سەعدانی ترێ
|
خرمەی زۆر خۆشە تێری لێ ناخورێ
|
بیخەیتە بەفراو بە چلەی هاوین
|
بۆ دەمێک ئەشێ خاڵ و میل ڕەنگین
|
دەم دەنکی نەگرێت تەنگ و نازدار بێ
|
ترێ ڕەش لە سای گەردنیا دیار بێ
|
بە نەشئەی ترێ کە چاو هەڵگیرێ
|
سۆفی و مەلا و شێخ لە دین وەرگێڕێ
|
ئاخ سبەینان زوو پێش هەتاو کەوتن
|
لەگەڵ نازداری سوراحی گەردن
|
بە لارولەنجە و غەمزە و نازەوە
|
بە وردەڕازی عەشقبازەوە
|
لەبن سێبەری مێوی سەعدانی
|
ڕاکشێی سەرت بکەیتە سەر ڕانی
|
سەیری ترێ کەی بە ژوور سەرتەوە
|
ئەو بە ناز ترێ بکا بە دەمتەوە
|
تالعی سەعدی لەگەڵ سەعدانی
|
«قران السعدين» تەواو بزانی
|
بەو عەشقە دنیا ئەبێ بە هی تۆ
|
ئەو شەوقەت نەبێ شێتی و ڕەنجەڕۆ
|
«چاوش ئوزومی» کەوا مەشهوورە
|
ئەم سەعدانییە، بەڵام ئەو دوورە
|
کشمیش «ئەزمیری» پێکوڕەی ئەمە
|
هەرچی پێ بدرێ هێشتا هەر کەمە
|
ترێ «تائفی» سەرقووڵەی لەڕە
|
«پاییزە» و «سووراو» ناخورێ بێ فەڕە
|
ترێ «سپیکە» خەرجی دۆشاوە
|
لە پاش سەعدانی ئەمجا ئەو باوە
|
«هندوی» و «کاژاو» و «سورشامی» و «رەشکە»
|
بە بار بیهێنە و لە خەڵکی بەش کە
|
«بۆڵ مازو» و «مسکی» و «مێخی» و «ڕەزاقی»
|
«گون تووڵە» و «کلکەڕێوی» و «عشاقی»
|
«نینۆکی بووکێ» و «شمیری» باشە
|
«چەمیلە» خواردنی دۆمی کڵاشە
|
«یاقووتی» و «زەردی» و «مام برایمە»
|
«شەقشەقە» و «فەرخی» پێستیان قایمە
|
ترێ «دەرە بۆڵە» و «گونکە» و «شیرازی»
|
بێتامن هیچکەس پێیان نابن ڕازی
|
«خۆشناو» ئەو کاتەی بەفری لێ باری
|
ئەوسا نایابە بیبەی بە دیاری
|
ئەمە بە تەنها ترێ کەمانە
|
هەرمێ و هەڵووژە و قۆخ دووچەندانە
|
قۆخێک لە پاریس بە دوو فرانقە
|
لێرە لەتکەقۆخ سەرمایەی بانقە
|
لە دەست نەزانین هەزار ئاخ و داخ
|
هێشتا تووتنمان نەبووە بە ساچاخ
|
ئاخ بۆ کەساسی، داخ بۆ کەساسی
|
خاکت ئەمەیە و کەچی نایناسی
|