بە شەو هەر خۆفناکم تا بەیانی
|
لە ترسی شەولەبان و خێوی کانی
|
خسووسەن ئایشێ گوێدرێژیش بەسامە
|
بە ڕۆژیش واهیمەی دایم لەلامە
|
جنۆکەی غەیرە ئیسلامی شکڵ پیس
|
کە نەوعێکن لە نوتفەی پیسی ئیبلیس
|
بە شەو سوارم ئەبن تا حاڵی جاوم
|
بە دڵ وریام کەچی هەڵنایە چاوم
|
کەمێ داخی شەوەیشم وا لە دڵدا
|
کە چەند ئەولادی کوشت و وا لە گڵدا
|
کە ناوی گورگەهارەم لێ ئەبەن من
|
ئەلەرزم ڕوو ئەکەم بۆ حاڵی مردن
|
بە منداڵی کە وەختێ من ئەگریام
|
بە بۆرە و بازە بیخۆ ژیر ئەکریام
|
هەزاران سووڕەتی ئەنواع و ئەشکاڵ
|
بە خەو ئەمدی لە ژێرخان و لە ناوماڵ
|
پشیلە دەستەمۆکەی ماڵەکەی خۆم
|
ئەوا لێم بۆتە دێو و چۆتە ئەستۆم
|
بە نینۆکی قولاپی دێتە گیانم
|
لە دەستم دەرئەهێنێ گۆشت و نانم
|
لەبەر ئەم ترسە ناوێرم کە جارێ
|
بەسەریا دەم بە بەردێ یا بە دارێ
|
گرفتارن هەموو ئەولادی کوردی
|
لە پیری کۆنە ساڵ تاکوو بە وردی
|
لەژێر باری خەرافاتا ئەسیرن
|
زەلیلی دەستی شێخ و پرچ و پیرن
|