بە قەستی کوشتنم ئەو شۆخە وا ڕووخساری دا پەرداخ
|
بە ناچاری دەکا زاری کەسێ وا دەیدەنە بەر داخ؟
|
بە غەمزەی چاوی بیماری جگەر زامار و بیمارم
|
بە شەو ناڵان و بیدارم بە ڕۆژ خۆراکم ئاخ و داخ
|
گوڵی حوسنی کە بنوێنێ بە عاشق، سەبری نامێنێ
|
بولبول ئاسا دەناڵێنێ بە مەحزوونی، لە سەحنی باخ
|
لە چاوی مەستی مەخمووری لە شوعلەی ڕوومەتی سووری
|
نیگاداری بکەی ڕەببی لە چاوی پیسی ذي اوساخ
|
ئەگەر باوەڕ دەکەی یارم بە نەوعێ زار و بیمارم
|
بە شوعلەی ڕوومەتی یارم وەکوو فەرهاد دەچم بۆ شاخ
|
لەبەر ئەو خەسرەوە شیرینە ژینم تاڵە فەرهادی
|
کە چونکە ناڵە ناڵم نابییە ناچار ئەچم بۆ شاخ
|
بە بێ ئەو خەسرەوە شیرینە سابیر ژینی لێ تاڵە
|
لەبەر ئەو ڕەنجی فەرهادی دەدا دائیم لە کێو و شاخ
|
وجوود ئەو جا عەزیزە تۆ عەزیزی لای عەزیزی بی
|
نە ئانکێ باغچەیی شار و دەراو بێخاوەن و چەرداخ
|
مەناڵە سابیری گریانەکەت تەئسیری مەعلوومە
|
کە تۆ هاوار ئەکەی یار خەنجەری موژگان دەکا پەرداخ!
|