کۆترە باریکە، کۆترە باریکە
|
هۆی هۆی چیتە بەم شەوە تاریکە
|
بۆچ توش وەک ئێمە لانەت شێواوە؟
|
ڕێگای ژیانت لێ بەستراوە؟
|
وا بێچووەکانت گرتۆتە سەرباڵ
|
لە ترسی ڕاوکەر ئەفڕیت یاڵەویاڵ
|
من قەڵای شادیم دەوری گیراوە
|
دەرگای ژیانم لێ هەڵچنراوە
|
لە دەست ڕەمەزان هەڵهاتم بە تاو
|
وتم وا جەژنی عالەم دێتە ناو
|
لەگەڵ ئاوەڵان تێر پڵاو ئەخۆم
|
تێر کەسوکارم ئەبینم بۆ خۆم
|
کەچی لە کەچی بەخت و ئێقباڵم
|
نەحەسامەوە هاوار بە ماڵم
|
ئێستاش هیوای من تەنها بە خوایە
|
ئایەتە: عوسر، یوسری لە دوایە
|
من لە پاکی خۆم هێندە ئەمینم
|
لە خۆما سووچ و گوناهـ نابینم
|
دار و فەلاقەی باوکم لاخۆشە
|
بەڵام غەرەزکار بۆچ لێم بەجۆشە
|
بۆ سەرداری خەڵک من ئەچمە سەر دار
|
کورسی و پەت بۆ من، کورسی بۆ سەردار
|
باوکم منداڵی بێعاری دەبێ
|
بێزاری نابێ ئازاری دەبێ
|
مناڵ زینەتی ماڵی باوکە
|
بۆ ڕێی لێقەومان وەک چراوکە
|
بە فیتنەی بەدکار لێک نابینەوە
|
کەوتینە تەنگانە ئاشت ئەبینەوە
|