بە کورتی بەسەرهاتی میری ڕەواندز

بە کورتی بەسەرهاتی میری ڕەواندز (1955)
by قانع
306823بە کورتی بەسەرهاتی میری ڕەواندز1955قانع
بۆ گەنجی لادێی کوردی دڵسووتاو یادگاری کۆن ئەخەینە پێش چاو
میری ڕەواندز، میری میران بوو ڕەشید و نەبەز، شێری شێران بوو
قارەمانی گەل نەترس و دلێر وریا و بێ ڕەفێق، شێری بێچووە شێر
خادەمی گەل بوو، خاوەنی ناو بوو لە کاتی خۆیان میری تەواو بوو
لە ڕەواندزا لەو شاخ و کێوە حوکمی پاشایی ئەبرد بەڕێوە
لە دەورەی خۆیا نەیهێشت کوردستان سەردانەواو بێ بۆ بێگانەکان
بە هێزی سوپا، وەکوو شێری مەس کەمێ لە تورکی هێنایە ژێردەس
لە ڕۆژهەڵاتۆ میللەتی ئێران لەم میرە گەورە بەدڵ ئەترسان
ڕەواندزی کرد بەو شارە جوانە کردی بە پایتەخت جێگەی شاهانە
بە دەستووری جوان، زۆر بە گومڕاهی ڕازاندییەوە تەلاری شاهی
سەرای وەزارەت قشڵەی عەسکەری خوێندنگای گەورە بێ دەردیسەری
هەتا ڕۆژی بوو حوکمڕەوا بوو سەردەسەی مەجلیس وزەرا و شا بوو
بنچینەی پایەی عەدڵی دامەزران بۆ پاراستنی نەتەوەی کوردان
خزمەتگوزار بوو بۆ هیز و سوپا دایم چاوەروان بۆ ڕۆژی هەیجا
تۆپ و تفەنگ و دەرمانی گۆگرد لە ڕەواندزا دروستیان ئەکرد
تا زەمان ڕەنگی شەڕی بۆ ڕژاند لەگەڵ تورکەکان پێکا هەڵگژان
ڕۆژ بە ڕۆژ تورکی ئەشکانە دواوە لەشکەری تورکی ئەبرد بەو لاوە
تورکان کەوتنە حاڵەتی خەتەر وتیان وا فەوتاین خاکمان بەسەر
چارەمان چییە با تەگبیرێ کەین بەشکوو ئەم سوپا گەورە لەناو بەین
هیچ چارمان نییە، یەک شتمان ماوە مەلای میرئەحمەد کە خەتێی ناوە
بە زەبری پارە بیکەینە خۆمان ئەم دەردەی ئێمە ئەوئەیکا دەرمان
ئەگەر بگەینە لای مەلای خەتێ گشت ئیش و کارمان ئەبێ جێبەجێ
کاغەزیان نووسی زۆر بە نیهانی بۆ مەلای خەتێ هیچ کەس نەیزانی
مێقدارێک پارە بردیان بۆ مەلا هەم ناوی دیاری، هەم دەفعەبەڵا
میر بێخەبەرە لەم هاتوچووە لە حاست ئەم کارە ئەڵێی مردووە
مەلا وەکیلی میر ئەحمەدشایە زیاد لە وەکیل، قازی و مەلایە
هەرچی کە بیکا هەر خۆی حیسابە لای شا مەعقوولە و یەکجار نایابە
کە مەلای خەتێ کاغەزی بینی فڕێی دا لاوە ئیمان و دینی
کەوتە سەر تەگبیر کە میر فەوتێنێ پایەی کۆمەڵی کورد لەبن بینێ
هەستا کەوتەڕێ بۆ تەلاری شا بردی لەگەڵ خۆی وەزیری سوپا
شا هەستایەوە زۆر بە ئیحترام وتی بەخێربێی واهاتی بۆلام
لەپاش گفتوگۆ وتی بە پاشا ئەترسم هۆردوو لێمان کەن حاشا
هەڵگەڕێنەوە تەسلیم تورک بن بمانخەنە ژێر چەپۆکی دوژمن
ئەمەوێ بڕم بۆ جبهەی هۆردوو وەعزێ بخوێنم بۆیان زوو بە زوو
میر وتی: بەخوا فکرێ جوانە کەوابوو منیش یەم لەگەلتانا
مەلا پێکەنی وتی: بۆ میرم من لای خۆی مەلام، خاوەن تەگبیرم
هیچ لازم ناکا تۆ تەشریف بێنی زەحمت بکێشی و عارەق بڕژێنی
بۆیە هاتمەلات ئیجازەم ئەوێ ئیجازەت فەرموو من ئەڕۆم شەوێ
پاشا رووی تێکرد، وتی مامۆستا مان و نەمانی کورد وا لە دەستا
سادەی غیرەتێ بۆ کوردەواری لابەن لە ناوا کزی و هەژاری
خۆ مەلا خایەن بە گەل و هۆزە میکرۆبی خاکە و دوژمنی کۆزە
سێ حوکمی هەبوو، ڕووی کردە سوپا وەکیلی شایە و قازییە و مەلا
وەختێ گەییە ناو سوپای بەسەزمان وتی موبارەک دینی تازەتان
ئەم دینی ئێوە لەسەر کام دینە لەسەر کام پەیڕەو، لە کام ئایینە؟
مەگەر نازانن بەرانبەر تورکان هەرکەس بە شەڕۆ تفەنگی تەقان
خۆی بێبەش ئەکا لە ئایین و دین خۆی ئەکا بە.... لە ڕووی سەرزەمین؟
با قیامەتیش بنێین بەولاوە کە شەرع چەندی چەندی لەسەر دواوە
کە وەختێ هۆردوو ئەمیانە زانی کەوتنە باوکەڕۆ بەسەرگەردانی
بوو بە زایەڵە و بە شین و زاری ئەهاتن و ئەچوون بە بێ قەراری
وتیان مامۆستا، ئامان سەد ئامان چیمان لێ ئەکەی؟ دەستمان بە دامان
مامۆستا وتی: بێن تۆبە بکەن کڕنوش لە دەرگای خەلیفە ببەن
من تکا ئەکەم، هەوڵ ئەدەم بۆتان بەڵکوو خەلیفە خۆش ببێ لێتان
هەستانە سەر پێ بە ئەمری مەلا چەک و سلاح و تۆپیان فڕێ دا
سوپا بە بێ شەڕ تەسلیمی تورک بوو بۆ گرتنی میر کەوتنە هات و چوو
مەلا و قووەتێ لە دەستەی تورکان گەڕانۆ بۆ سەر میری کوردستان
لە ڕەواندزا گرتیان بێ هەرا کوژرا و دەوڵەتی کورد لەناو برا
مەلا خەجاڵەت هەردوو دنیا بوو نە ئەم و نە ئەو، هەردووی لەدەست چوو


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).