بە کەسێکیان گوت پیاوێکی چاکە
بە کەسێکیان گوت پیاوێکی چاکە | بۆیە پێی ئەڵێن کە شیری پاکە |
ئەم شیر پاکییە بە دوو مەعنایە | هەرچەند کە نوکتەی وا بێ مەعنایە |
یەکێکیان شیری بەر دایکەتییە | ئەوی تر شیری حکوومەتییە |
شیری حکومت دەس هەر کەس درا | وەک یەک دەبڕێ دوژمن و برا! |
حەقی عموومی نادرێ بە کەس | ئیش نادرێتە دەست مەنسووبی ناکەس |
دەستووری ڕێگەی قەدبڕ، دوو حەرفە | حوکمێکی وا بە حیکمەتی سەرفە |
ئیش بۆ پیاو نابێ، پیاو بۆ ئیش ئەبێ | ئەگەر وا نەکەی شەڕت تووش ئەبێ |
بە هەڵم بەڵم بە شەش پای دوو سم | ئینجا میزانی کار ئەبێ قایم |
ئەو تەرازووەی کەوا سەر ئەکا | کێ بە کێشانەی ئەو باوەڕ ئەکا؟ |
بەردێکیان هێنا کە بەردە پشکە | دیوێکی تەڕە، دیوێکی وشکە |
من وشکم ویست و یەکێکی تر تەڕ | هەڵمان دا تەڕ هات ئەو پێی کەوتە گەڕ |
باوجود ئێستە کەم کەس تەڕ ئەبێ | ئەوی تەڕ ئەبێ گوێچکەی کەڕ ئەبێ |
دنیا وەک خەتە میزێنێ وایە | بە شەقی یەکێ دێنەوە کایە |
ئاشە تەندوورێش بە شەق ئەدۆڕێ | یەکێ شەق ئەخوا و هەموو دەگۆڕێ |
ئێستا ئەمانە باویان نەماوە | هومای مەبعووسی وا بە هەواوە |
بزانین سێبەر ئەخاتە سەر کێ | شەودێزی تاڵع بۆ کێ دێتە ڕێ |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 565 و 175
1939/04/27
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|