تا بە کەی قوربان لە دووریی تۆ بکەم فەریاد و داد؟
|
تەن نەخۆش و بێ حەکیم و دڵ حەزین و ناموراد
|
یا خودا ئەم دەردە بێ دەرمانە تووشی کەس نەبێ
|
دوشمنانیشم نەکەی وا موبتەلا ربُ العِباد
|
دەردەدار و بێ دەوا، خۆم تابیعی نەفس و هەوا خۆم
|
موستەحەققم بێ کەوا، خۆم کردە جەوتی بەد نەژاد
|
چوو بەزایە گەنجی عومرم، لەم مەراقە چاکە بمرم
|
ڕۆژ ئەڵێی سەرخۆشی خەمرم، شەو لە خەودا وەک جەماد
|
ئاخ لەدەس نەفسی لەئیمە تابیعی دێوی ڕەجیمە
|
لائیقی ناری جەحیمە تابیعی فیسق و فەساد
|
نەفسی ئەممارە هەمیشە خواردنی لێ بۆتە پیشە
|
پێم ئەڵێی قەت دامەنیشە بۆم پەیاکە نان و زاد
|
بۆم پەیاکە چای و شەکرە، ماڵی زەید و عەمر و بەکرە
|
هێندە حەییال و بە مەکرە، ئابڕوومی دا بە باد
|
چاو قبووڵیم بۆ پەیاکە تەرکی ئیمان و حەیاکە
|
ڕوو لە جەردەی پادشاکە بێنە هەرچی باد باد!
|
بێنە قاورمە بەچەوری، پڕ پیاز و پڕ بە دەوری
|
نانی گەنم بێ لە دەوری، گەرم و نەرم و بێ ڕەماد
|
ماڵ و عومرم چوو بەزایە، باعیسی نەفس و هەوایە
|
یاخودا سا پایە پایە بێمەوە سەر ڕێی ڕەشاد
|
سابیری پیری و فەقیری گەرچی نەقسن بۆ موجاهید
|
بۆ شکاری نەفسی ڕێوی جووتە شێرن بۆ جەهاد!
|