تا هەتاو نەبێ، سێبەر نابینی
تا هەتاو نەبێ، سێبەر نابینی | تا باران نەبێ، دەغڵ ناچێنی |
کرم کە ڕەگی درەختی خواردی | پیشەت ئەبێتە هەناسە ساردی |
ڕۆژ کچە و مانگیش بە کوڕ ناوئەبرێ | کەچی کوڕ لە کچ ڕووناکی دەگرێ |
زلی بێ هونەر کار ناباتە سەر | ئاگر بە فیتنەی «کورتێک» بێتە گەڕ |
گورگ دوعا ئەکا یاڕەبی تەم بێ | تەم و دۆمان بی، ڕان لە گوێ چەم بێ |
من چی دەڵێم و تەنبوورەکەم چی؟ | ئاهەنگی دنیا کەوتۆتە کەچی |
عادەتە وشک و تەڕ تێکەڵ کردن | گۆرانییەکە بە کۆمەڵ مردن |
سەد زینهار دۆستی بێ بایەخ مەگرە | تورک و دۆستی ئاو و ئاگرە |
«بسمار» وتوویە: «حەق هی غاڵبە» | لە سیاسەتدا ئەمە قاڵبە |
با وجود ئەمە پیشەی دنیایە | دیارە لای خودا کە حەق باڵایە |
پیاو ئاخرین بێ و لە هۆشا وریا | بە گۆشەی تەنیا، نەک کوشتەی دنیا |
وەتەن پەروەرم بە خودای بێباک | کوێرە چیت ئەوێ؟ چاوێکی ڕووناک |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 631
1941/06/26
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|