تریفەی مانگە شەو، بریقەی کلاوزەر
|
شێوەی مەحبوبان، دێتە بەر نەزەر
|
سەدای لایلایەی تازە جوانان
|
ئەلاوێنێتۆ، دۆست و مەعشوقان
|
کزەی بای شەماڵ کە دێ بە جارێ
|
بۆی گوڵێ دێنێ لە باغچەی یارێ
|
قاسپەی نێرە کەو وەختی نیوەشەو
|
دەنگە بۆ عاشق ڕاپەڕە لە خەو
|
جریوەی چۆلەکەی بەیان لە ئاسمان
|
بەستە ئەخوێنن وەکوو عاشقان
|
شنەی بای سەحەر ئەشنێتەوە
|
بە ناز گوڵەکان ئەلەرێتەوە
|
بولبولی هەژار لەم چڵ بۆ ئەو چڵ
|
بێ پەروا ئەڕوا لە تاو عەشقی گوڵ
|
سینەو باغچەی بەی، پۆلی نازداران
|
هاوتایە لەگاڵ سپێدەی بەیان
|
گۆنای نازداران بە ڕەنگ ئاڵ و سوور
|
سیوەیل لێیداوە، نەک سووراوی سوور
|
شێوەی جەوانان بە وێنەی غیلمان
|
مەملەکەت جەننەت هەم ڕەوزەیی ڕیزوان
|
نەخشاوی سنعەت زاتی کردگار
|
بۆ مەزڵووم مەدحی نایەتە گوفتار
|