تریقەت زۆر دڵگیرترە لە دەنگی نەی
|
کوڵمی سورت شەنگترە لە ڕەنگی بەی
|
ئەگەر بێت و گیانیشم لە دەست بدەم
|
وەک مەسیحا نازێکت ئەمکات حەی
|
تاڵێکی زوڵفی پەخشانتم دەست کەوێ
|
نایگۆڕمەوە بە تاجی شاهانەی حەی
|
ئەی تاقانە گوڵی باخچەی حەیاتم
|
خوای تەعالا بتانپارێزێ لە وەی
|
دە ماچێکی سەری کوڵمت کەرەمکە
|
سا با منیش دەفعەیە بێژم ئۆخەی
|
من ئەو کاتە ڕۆژووی خۆم بەتاڵ ئەکەم
|
کە ماعشوقەکەم بترازێ دوگمەی یەخەی
|
یەقینم وایە کە ناشکێ دەستنوێژم
|
هەنگامێ دەستم ئەبەم بۆ جووتێ بەی
|
منم نەمکردووە گوناهێ دەرحەقت
|
ئیتر بۆ چی پەنا بۆ قەهر ئەبەی؟
|
بە بێ مەڕحەمەتی تۆ نامەوێ ژین
|
چییە سوچم؟ ئەمری قەتڵم دەر ئەکەی
|
دەخیلت بم بۆ خاتری خوا عەزیزم
|
سیڕی عیشقم بۆ بەدکاران دەرنەخەی
|
ناتیقت بە بێ ڕیسالەی عیشقی تۆ
|
محاڵە ڕێگەی قیامەت بکا تەی
|