توانجە ئێمەی خستە ڕیزی دار و بەرد و خاکەوە
|
توانجە ئێمەی خستە ژێر پرچ و دەف و مەششاکەوە
|
پەست و دواکەوتەین لە دنیا گاڵتەجاڕی عالەمین
|
تا بڕۆینە پیری پیر و شەخس و فیک و فاکەوە
|
وا لەژێر باری نەزانیدا بەبێ هیوا ئەژین
|
وەک ئەوانەی بوون بە ژێر باری خەمی تریاکەوە
|
ئەو کەسەی تالیب بە عیلمێکی ژیان و سنعەتە
|
خۆم بە قوربانی ئەکەم سەد جار بە باب و داکەوە
|
گەر فەلەستینی لەمەوبەر فێری عیلم و فەن ئەبوون
|
چۆن وەکوو هامان ئەکەوتنە داوی جووی نایاکەوە
|
شێخەکانیش نێرە بیدۆشەی موریدانیان بەسە
|
خێڵی سەرچەورە بەدەس ئەسپی کەرەی پیتاکەوە
|
ئەوروپا سەگیان لەسەر قاریوولە ئەنوێ ئێمە وا
|
لاتی وای کردوە کە کەوتووینە شەڕی سەر لاکەوە
|
ئێمە نازانین بژین ئاو و هەوا بەم خۆشییە
|
بێ بەشین لەم خاکە کەوتووینە خەمی خۆراکەوە
|
دەردەکەم دەردێکە بێ دەرمانە چارەی زەحمەتە
|
گەر ئەرەستۆ بێت بە عیلمی سەر زەوی و ئەفلاکەوە
|
چونکە دایم دەم نەوێستاوم قسەی هەق هەر ئەڵێم
|
دوژمنن ئەمڕۆ بە من قەومێ بە مام و کاکەوە
|
عاقیبەت هەر مردنە و باکت لە کوشتن تۆ نەبێ
|
چی ئەزانی هەر بڵێ موفتی لە ڕێگەی چاکەوە
|
بۆ ژیانم ژینە ئوممێدی خەیاڵاتی دڵم
|
هەر ئەتۆی لوقمانی دەردم زوو بە فریادم کەوە
|