تووران و جنێودانی بە پیلان و سیاسەت
|
پێم خۆشە کە بێگانە نەزانێ بە فەراسەت
|
سەد جار کە بە ڕووی ترش و قسەی سەردێ دەرم کەی
|
هەر دێمەوە وەک مێشێ بە هەنگوینی هەناسەت
|
هەرچەند کە لەبەر قاپییەکەت خوار و زەلیلم
|
نایدەم بە هەموو ڕوتبەیی شاهان و ڕیئاسەت
|
بڕوانە زەوی، سینە هەموو نەخلی ئومیدە
|
بێ حاسڵە ڕۆژێ نەبووە جێگە پیاسەت
|
ناکاو دەسی نایە سەر چاوم و یەعنی
|
من کێم و ئەزانم بە دەسی نەرم و هەناسەت
|
عومرێکە گلاراومە شەو تاکوو بەیانی
|
خاوم بزڕێنێ بە زڕەی تاس و هەیاسەت
|
دوا گیانمە ئاخر نەفەسە و تۆ بی و مەولات
|
دەم بێنە دەمم بیکەمە قوربانی هەناسەت
|
عومرێکە لیباسی غەمی دووریتە لەبەرما
|
گۆڕین و دڕینی نییە ئەم کۆنە کراسەت
|
سینەم بە سروشک ئاوڕشین کرد و نەهاتی
|
فەرموو کەڕەتێ، فێنکە بۆ جێگە پیاسەت
|
کەوتوومە لەبەر قاپییەکەی تۆ کەڕ و کاسم
|
جارێ گوزەرێ ناخەیە سەر ئەم کەڕ و کاسەت
|
خەڵکی گەنمی دوورییەوە جۆ چووە خەرمان
|
تۆ هەر لە پەرێز مایتەوە تف و لەو دەس و داسەت
|
هەر دێتەوە سوێ زامی دڵی سابیری قوربان
|
ئارام و سەبووری نییە سووتاوە لە تاسەت
|
حەسرەت لە دڵم ما کە شەوێ بێی و لە خەودا
|
سابیر بەخەبەر بێ لە زڕەی تاس و هەیاسەت
|