تۆ دەزانی بۆ چی یادی دڵبەری ڕەعنا دەکەم
|
مەیلی بەدنامیمە بۆیێ کاری بێپەروا دەکەم
|
سەر لەسەر سەودایی تۆ و دڵ لە پایی پێیەکەت
|
بۆ چمە جانا سەر و دڵ، هەر دوویان ڕیسوا دەکەم
|
موڵکی میسرم بۆ چییە، گەر ماهی کەنعانم هەبێ؟
|
چم لە بازاڕی زولەیخا، یووسفی سەودا دەکەم
|
چاوەکەم چاوم لەبۆ چاوی تۆ خوێنباری دەکا
|
وا منیش هەر لەحزە بۆ تۆ شین و واوەیلا دەکەم
|
مەیلی من هەر مەستی و ڕەندی و شاهیدبازییە
|
وا لەبەر میحرابی ئەبرۆت تاعەت و تەقوا دەکەم
|
من لەدەست دنیایی دون و عالەمی وا بەدعەمەل
|
ڕوویی شکوا وو تەوازوع بۆ شەهی بەغدا دەکەم
|
سافییا هیران وەکوو نیرانە، جیرانی جەحیم
|
سا کە وا بێت و تەوەکول دائیما بە خودا دەکەم
|