تیری خەمزەی چاوەکانت وا لە جەرگم کارییە

تیری خەمزەی چاوەکانت وا لە جەرگم کارییە (1918)
by تاھیر بەگی جاف
310565تیری خەمزەی چاوەکانت وا لە جەرگم کارییە1918تاھیر بەگی جاف
تیری خەمزەی چاوەکانت وا لە جەرگم کارییە ئێستە ئەشکم وا بە خوڕ دێ، ڕەنگەکەی گوڵنارییە
نەفسی سەرکەش، چەند ڕۆژێ گەر جیهانت ڕام ببێ دڵ ئەگەر خۆش کەی بە خۆت، بێ عارییە، بەم «عاریە»
گوڵ ئەگەر هات، خۆی موقابیل کا بە تۆ، لێی ناگرم هەرزە گۆیە و بێ وەفایە، دولبەری بازاڕییە
ناشکێ قوربان دڵم هەرگیز لەبەر جەوری ڕەقیب عادەتی ئەو دائیمەن هەر فیتنە و بەدکارییە
لێم گەڕێن تەنهانشینی کونجی خەم بم ئەی ڕەقیب دەردەکەی من دەردی ئەشقە و زۆر گران و سارییە
زاهیدی خودبین کە حەیوانە لە وادی عەشقدا ڕیشەکەی پان و درێژی ڕەشمە و و هەوسارییە
سەبر و هۆش و ڕۆحی بردم هەر بە جارێ ئێستەکەش هیچ نەما کاری بە من، پەیکارییە بەم کارییە
جارێ ناپرسی لە حاڵی من مەگەر نازانی تۆ زار و بێزار و نەزارم کاری من هەر زارییە
تازە زانیومە لەسەر دینی مەسیحایە نیگار پەرچەمی عەینی سەلیبە زوڵفەکەی ڕەشمارییە
تاقەتی شیعری نەماوە هیچ لە بەر ڕەنج و فیراق ئەم کەلامە گەر بڵێ تاهیر لە بەر بێعارییە


This work was published before January 1, 1929, and is in the public domain worldwide because the author died at least 100 years ago.