چ خۆشە دەرد ئەگەر دەسدا لەلای یاران و دەرمانی
|
بیابان دوور نییە هەرگیز کە مەعلووماتە پایانی
|
لە مەزهەب عاشقا کفرە بپارێزی وجوود و ڕۆح
|
ئەبێ گیانت نیشانگا کەی لە وەختی تیرە بارانی
|
دە سۆفی شەربەتی مەرگیش حەرامت بێ چ جای نیعمەت
|
کە خۆی ناخاتە مەیدانی عشق بۆ ڕاحەتی گیانی
|
ئەگەرچی شێت و سەوداییم بە ئەم بێ عەقڵییەش زانیم
|
کە نابێ خۆم بپارێزم لە گیر و داری مەیدانی
|
کەوانی قەوسی ئەبرۆی بێ وە یا تیری موژەی چاوی
|
بەدینم عارە گەر چاوم بقونجێنم لە پەیکانی
|
ئەگەر عاشق خەمی کوشتن بخوا یا دەربەسی سەر بێ
|
وەکوو سۆفی خەجاڵەت بێ درۆیە عشقی جانانی
|
حەکیمێ خۆی بە دەردی دڵ بناڵێنێ وەکوو قانع
|
وەکوو ئەشعاری قانع بێ بەهایە فەنی دەرمانی
|