تەئریخی جاف/فەسڵی دەهەم
بەحسی ڕیاسەتی عوسمان پاشایە:
لەپاش محەمەد پاشای باوکیان کە مەحموود پاشا لە ئەڵەبجە قایم مەقام بوو، عوسمان پاشا ڕەئیسی جاف بوو ئیدارەی بەدەست ئەوەوە بوو. عوسمان پاشا زووتریش بەحسی کراوە لە وەزعییەتی مەحموود پاشادا.
لە عومری شانزەوە تا عومری گەیشتە شەست و هەشت و بە ڕەحمەت چوو لە قایم مەقامی ئەڵەبجە و ڕیاسەتی جاف ڕۆژێ خاریج نەبووە، مەگەر ئەو چوار ساڵە نەبێ کە محەمەد پاشا لە خاکی ئێران بووە، لەو وەقتەشدا لە ئێران حاکمی جوانڕۆ بووە و پیاوێکی زۆر مەسعوود و ساحێب نان بووە و زۆر ساحێبی نەقد بوو. ئاسارەکانی کە ئیستە لە ئەڵەبجە و پێنجوێندا ماون شاهیدن لەسەر پیاوەتی و ئیقتیداری.