تەماشا ئەمر و فەرمانی عەجەب فەرخوندە شایێکە
|
بنۆڕە سەففی موژگانی عەجەب تیپ و سپایێکە
|
لە تاقی قەوسی ئەبرۆی دەمبەدەم سەهمی حەوادیس دێ
|
عیلاجی ناکرێ بۆ کەس عەجەب بورج و قەڵایێکە
|
هەتا کەی کونجی تەنهایی وەرە زاهید تەماشاکە
|
کە خەیمەی شای شەکەر لێوان چ قەسر و بارەگایێکە
|
کە حوسنی یار و ئەغیارم لە میزانی خەیاڵمدا
|
بە دڵ دیتم هەموو لایێکە ئەو تەنیا لە لایێکە
|
خەزێنەی ڕوومەت و لەعلی لەب و سیمی زەنەخدانی
|
گوتم بێتوو خودا بیدا عەجەب گەنج و تەڵایێکە
|
ئیشاڕەی کردە لامی زولفی، ئەلفی قامەتی یەعنی
|
جەوابی قەددی دالی تۆ فەقەت لامەلفەلایێکە
|
دڵی خستوومە قەیدی خەتتی، قوفڵی خاڵی لێداوە
|
سوپاسی لێدەکەم بەهبەهـ عەجەب سەیر و سەفایێکە
|
کە عاجز بووی لە گۆشەی تەنگ و تاریکی دڵم فەرموو
|
وەرە سەر مەستەحی چاو، چاوەکەم خۆش جیلوەگایێکە
|
مەچۆ نێو خەستەخانەی عاشقی ڕوو زەرد و سەوداسەر
|
لە دووری تۆ عەجایب شیوەن و شین و سەڵایێکە
|
«موتەووەل» زولفی تۆ بوو «فەسڵ» و «وەسڵ»م لێ تەماشا کرد
|
موعەممایێکە لایەنحەل و زەنجیری بەڵایێکە
|
هەزاران قازی و موفتی لە مەکتەبخانەیی عیشقی
|
خەریکی دەرس و تەحسیلن مەڵێن تەنیا مەلایێکە
|