با بنووسم شێعری کوردی تاکوو خەڵقی تێبگات
|
شێعری کورد شیرینترە تا شەکر و هەنگوێن و نەبات
|
من بەهیوا بووم کە تەپڵی شادمانیم لێ بدەن
|
چەندە مەئیوسم لە حاڵی خۆم کە بۆچ دەنگی نەهات؟
|
ئاوڕی دەورم ئەدەم هەرکەس بەدەردێ موبتەلاس
|
یەک لە برسا هار و هاج و یەک لە ترسا زیز و مات
|
چوونکە وا تاریکە کۆمەڵ تا ئەبەد سەر ناکەون
|
دەوڵەمەند گوێ شل نەکا بۆ ناڵە و فەریادی لات
|
تۆ لەدونیادا نەجاتی چوارکەسی وەک من نەدەی
|
پێم بڵێ ڕۆژی قیامەت چیتە ئەسبابی نەجات؟
|
تۆ پزیشکی حاڵزان و من نەخۆش و دەردەدار
|
چاکە ئینسافت ببێ کاتێ کە خۆم خستە پەنات
|
قانعا گەر تۆ بەڕاستی خزمەتی هۆزت ئەکەی
|
چاوەڕوانی قەت نەکەی بۆ بەخشش و مووچە و بەرات
|