جاران ئەیانوت لە زەمانی زوو
|
گەر کچ بخوێنێ زوو ئەبێ بەدخوو
|
بەهۆی نووسینی نامەی پەنهانی
|
دێنێتە بەرهەم سەد دۆستی گیانی
|
ئیتر بە کاغەز دنیا تاڵ ئەکا
|
حەیای قەومەکەی پایەماڵ ئەکا
|
ئەی باشتر نییە هەر دوو بە دوو بێ
|
بۆچ فەرهادکوژێ لە هاتوچوو بێ
|
لە هەردوو لاوە زەخیرەی ماڵی
|
بکێشێ بۆ خۆی لەگەڵ مناڵی
|
سوێندیان بۆ ئەخوا بە خوا و بە ئایەت
|
گڵ لێم نابییە هەتا قیامەت
|
ئەوانیش لەبەر تەزبیحی جوانی
|
بەرماڵی کۆڵی و نوێژی بەیانی
|
هەر دوو بەجارێ تەسلیمی ئەبن
|
ئەڕۆن لەگەڵیا قوژبن بە قوژبن
|
وەختێ ئەزانن لە شار و لە دێ
|
وەک بەیتی ڕۆستەم ناویان دەر ئەچێ
|
نامووسیان ئەچێ ماڵیشیان سەربار
|
ناویان ئەزڕێ لە دێهات و شار
|
بە کورتی هەردوو هەتاکوو ماون
|
لەلای داپیرە چاو دانەواون
|
کە وا بوو خوێندن بۆ پیاو و بۆ ژن
|
ئەبێتە سووپەر ڕووبەڕووی دوژمن
|
بێ علیم و زانین ژیانی ئینسان
|
نەختێ باشترە لە ژینی حەیوان
|
ئەم لەسەر خانە و ئەو لەژێر خانە
|
ئەو ژینی بە پووش ئەمیش بە نانە
|
هەر بە خوێندن بوو کە بۆمبای بەرقی
|
بێ خاوەن ڕۆیی لە لەندەن تەقی
|
هەر بە خوێندن بوو قومبەلەی زەڕڕە
|
ژاپۆنی خستە هاوار و نەڕڕە
|
ئێمەش هەر لەسەر فکری جارانین
|
بۆیە لە ڕیزی خزمەتکارانین
|