جاران کە کوردی ڕاست و ڕەوان بووین
جاران کە کوردی ڕاست و ڕەوان بووین | خاوەندی وەفا و دڵ و زوبان بووین |
لە وەزیفەیشدا سیاسەت نەبوو | تەفرەمان، تەفرووتونا کردبوو |
هەروەها گێزری ئەچووینە مەیدان | ڕێمان نەدابوو بە فێڵی شەیتان |
لە پڕ کەوتینە سیاسەت بازی | وەک «پرنس بسمارک» لە دەستەی «نازی» |
ڕێی سیاسەتیش هێشتا فێر نەبووین | ڕوومان بۆ هەر کوێ نا، بە هەڵەچووین |
ڕۆژێ ئاغامان گرتە سەر سەرمان | ئەمان بردەسەر تا وادەی فەرمان |
وتمان بەگزادە، بزانین ئەو چییە؟ | ناشوکری نەبێ بەگزادە نییە! |
ئینجا وا هۆمان کەوتەوە سادات | لای ئەوان دەستمان کرد بە فەسادات! |
ئەوانیش چونکو زۆریان دڵ سافن | هۆگری مەدح و لاف و گەزافن |
بە گوێڕادێری لە خشتە ئەچن | لە ناو خۆیانا ئەبن بە دوژمن |
هیچیان ناوێستن لەسەر هیچ بارێ | دەسا قەومی وا بەردی لێ بارێ |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 1014
1950/06/08
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|