قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ!
|
ئەی کچە جوانەکەی سەرگۆنا نەختێک ئاڵ!
|
ئەی کچە مەنگەکەی بە دەنگی چپە دوو!
|
گەندەمووی دەموچاو، مەچەک هەڵنەگرتوو!
|
ئەی ئەندام وردیلەی نەرمۆڵەی ئێسک سووک!
|
ئەی بەرگی ساکارت دڵگیرتر لە هی بووک!
|
ڕاستە من ڕێبوارم، سەرپێیی ئەڕوانم
|
بەڵام وا جوانیی تۆ کاری کرد لە گیانم
|
ئەڵێی نەک هەر ئێستا عومرێکی درێژە
|
بەو دەست و پەنجانەت برینم ساڕێژە!
|
ئەی کچە کاڵەکە! جوانی تر با زۆر بن،
|
لە باغچەی بەهارا گوڵباخی بەر خۆر بن،
|
با ڕەنگیان پەرداخت بێ و جێگەیان سەرچڵ بێ
|
بە واتەی خەڵکی تر با ناویان شاگوڵ بێ،
|
گیانی من بۆ تەڵێ وەنەوشە پەرۆشە،
|
کە لە ژێر سێبەری تووتڕکا خامۆشە!
|
لە هەموو ئاسمانا ئەستێرەی بەربەیان!
|
ئەخاتە دڵی من هەستێکی سپی و جوان!
|
لە تەختێک هەڵدەستێ هەزار و یەک نەغمە:
|
ئەوەیان شیرینتر دێتە گوێم زۆر نزمە!
|
کانییەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگەشەو:
|
لە بنیا بلەرزێ مرواریی زیخ و چەو،
|
جوانترە لە لای من لە دەریای بێ سنوور
|
شەپۆلی باتە بەر تیژگی ڕۆژ شڵپ و هووڕ!
|
قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ!
|
ئەی کچە جوانەکەی سەرگۆنا نەختێک ئاڵ!
|
دەربەست نیم ڕێبوارم، دەربەست نیم ڕەوتەنیم
|
ئەزانی شپرزە و دەربەستی ئێجگار چیم؟
|
هی ئەوەی نیگارێک لە یادم کێشراوە،
|
شۆخێکی نایابە، بەڵام ئاخ، بێ ناوە.
|