جووتیار
کاکی جووتیاری هەژاری بێدەسەڵاتی چەوساوە | ڕەنجت کێشا ماوەی ژینت بەبێ کۆڵدان لە ئەوساوە |
نەوەک ئێستا، بەڵکوو ئەوەتەی کە هەی لە ژیانا | یاخود ئەتوانین بڵێین ... کە سەرت لە هێلکە جووقاوە |
هەر کردەی تۆ و بردەی زۆرداری چەپەڵە بێ بەزەیی | ویژدانی مردووی پێی ناڵێ، ئەم هەژارە پڕووکاوە |
ئەمە وەرزێکی ڕەبەقە بە پێمەڕە و پاچ و گاسن | هەوڵ ئەدا و هیلاک ئەبێ و خۆی خستۆتە لاوە |
تەنیا هەر هەوڵی گیرفان و بەرژەوەندیی جەنابێتی | ئیتر هەقی نییە ئەگەر ماڵ و مناڵت سووتاوە |
زۆر ئازار و سزای وەهات چەشت و خستتیە هەژاری | ئێستاش ورەی ئەو چەپۆکەی کە ئاغا بە سەرتیا داوە |
بەڵام مژدە بێ ئەمڕۆکە نۆرەی ژینی تازە و نوێتە | ئەو زۆرداری و چەوسانەوە و بێگارە قورسەت نەماوە |
ئەمڕۆ ئازاد و سەربەستی، ژیردەستەی هیچ مرۆڤێک نیت | واش بزانە ژینی تازەت لە تەمووزەوە نووسراوە |
چونکە ژینی کۆیلایەتی بە ژینی ڕاستی ناژمێرێ | هیچ کاتێ هیچ کەس بە ژینی ڕاستی لە پێنووس نەداوە |
ئەوەی پێویست بێ لە سەرت بانگی هەموو جووتیاران کە | لەم کاتە هەلەدا کەوا زۆردارانی تیا تاساوە |
لەگەڵ کاکی کرێکارا تۆ داس و ئەو چەکووش بە دەست | ئیسپاتی کەن کارکەرانی کوردیش هیچ کات نەوەستاوە |
بەڵکوو وەکوو چینەکانی گەلانی ڕووی ئەم جیهانە | بۆ ڕزگاری بە هەزاران قۆچی قوربانییان داوە |
1959/05/17
سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|