دڵ لە دووریت تواوە بوو بەزووخاو
|
ئاگری جیایی جەرگی سووت وەکو قاو
|
چۆن نەبرژێ لەشم لەسەر تا پا
|
گرپەیی ڕووت بەگڕترە لە هەتاو
|
سەیرەکارم لە دووری ڕووت ئەسووتێم
|
لەش بەدیدار وەکو جگەر برژاو
|
خۆری دیداری ڕووت، کە بنوێنی
|
تێک ئەچێ کاروباری زیندە وو ماو
|
بێنە مەی هیچ مەڵێ شێخە نانۆشێ
|
بۆ مەلاش بادەنۆشی بۆتە باو
|
کێبێ تووشتبوو، تووشی دڵداریت
|
کە نەبوو بێ بەگەشکە پیر و لاو
|
جۆری گوڵزاری ڕووت کە ئەینوێنی
|
بوونی بەرجا، نەچۆتە بیری زاو
|
ئەو برسکان و، ئەو بڵێسەی ڕووت
|
ئەوە هیوا نە لێو و کوڵم و چاو
|
هەرچیی گرت ئەو بڵێسە، بوو بەنەچیر
|
ئەوە چەکتە، بەوی ئەکەی کەسێ ڕاو
|
دڵبەریی خۆشەویستە دڵ بەدیلیبێ
|
بەبێ ناوبانگ و ناونیشان و ناو
|
هۆ ئەسیری چییە، لە کێ ئەدوێی
|
دیارە بەختت ڕەشە و ئەواتت خاو
|