جۆیباری چاوەکانم ڕووی زەمینی گرتووە
|
بۆیە سەحرای سینەکەم سەبزەی غەمی شین کردووە
|
ئەی ڕەفیقان مەنعی ناڵینم مەکەن بێئیختیار
|
حاڵەتێکە موبتەلایە دڵ لەدەستم دەرچووە
|
ناسیحا وەعزی سەبووری دامەدە بێ فایدەیە
|
من لە مەکتبخانەیی غەم دەرسی عەشقم خوێندووە
|
خۆت ئەگەر بێی بمکوژی خۆشە لەلام ئەمما ڕەقیب
|
وا دەڵێ مەحبووبە قەتلی تۆی بە گوێی من کردووە
|
هیچ کەسێ نایێ بە هاوارم لەلای ئەو عالەمە
|
وا لەبەر ناڵە و فوغانی من قیامەت ڕابووە
|
دەفعەیێ بۆ سەر نەخۆشانت ئەگەر بێی ئەی تەبیب
|
دەردەدارانت لەخۆشی تۆ شیفایان هاتووە
|
عومرەکەم سەرفی وەفات بوو مەرحەبایێکم نەدی
|
وا دەزانم ڕووحەکەم مەیلت لەسەر من لاچووە
|
دوور لە باڵای تۆ بیناییم کوێرە هەڵنایێ بە کەس
|
ڕۆژ و شەو بێدارە چاوم، وا مەزانە نوستووە
|
حاڵی «سافی» گەر دەپرسی وا لە دەس هیجرانی تۆ
|
مات و مەبهووتە لە گۆشەی بێکەسی دانیشتووە
|